زۆزک قەرەداغی
خۆسنوردار کردن ئەو هەستەیە هەر زوو لە منداڵیەوە بە پێی خواستی دایک و باوک بۆ هەڵس و کەوتەکانی ڕۆژانەمان دەستنیشان دەکرێت و، دەبێتە کلتوری هەمیشەیی، بۆ هەموو بوارەکانی داهاتووی تاک، بە ڕادەیەک بیرۆکەی هەر کارێکمان هەبێت سەرەتا تەوقی خۆسنوردارکردن قفڵێک دەدات لە ناوەڕۆکی بابەتەکە، هەندێک جار دەبێتە مایەی پاساو هێنانەوە و گلەیی دەربڕین لە کەسانی چواردەورمان، دەیانکەینە هۆکار بۆ خۆسنوردار کردن، وەک لە بەشەکانی پێشوودا باسمان کرد، زۆرجار بوونی زانیاری پێویست دەربارەی پیشەکەمان و بەرداوام پێشکەوتن قفڵی خۆ سنوردارکردنمان بۆ دەشکێنێت، زۆر گرنگە کەسێک لە سەرەتای کاری هونەریدا سوود لە ئەزمونە سەرکەوتووەکان وەربگرێت، بەڵام بە زانین و ڕەچاو کردنی جۆری بارودۆخەکان و جیاوازی ئەو ئەرکەی لەسەر ئەم پێویست و گرنگترە ئەنجامی بدات، چونکە مەرج نیە پلان و ڕێچکەی سەرکەوتن بۆ ئاوازدانەرێکی ئاوازی فۆلکلۆریی هەمان گرنگی هەبێ بۆ ئاوازدانەرێکی مۆزیکی جاز، …ئەکرێت لە خۆ سنوردار نەکردندا پلانەکان هاوبەش بن، بۆ نمونە مۆزیکدانەرێکی تیپێکی فۆلکلۆریی مەرج نیە هەموو کات لە بەرهەمەکانیدا تەنها”دەهۆڵ، دەف، عود، کەمانچە، سەنتور”بەکار بهێنێت، دەکرێت لە کارێکدا ئەو سنورە بشکێنێت و لە بری عود کە بۆ دەنگی گڕ سودی لێوەردەگرێت، چەلۆ بەکاربهێنێت، ڕاستە سیستەم و ستاندار هەیە بۆ زانستی مۆزیک و مۆزیکدانان، بەڵام بە تایبەتی لە سەدەی بیستەمەوە هیچ سنور و بەربەستێک نیە، بۆ چۆنێتی بەکارهێنانی ئامێرێکی مۆزیک و مەرجە لە چ جۆرە تیپێکدا بەکاربهێنرێت، یاخود مۆزیکدانەرێکی سەدەی بیست و یەک ئارەزوو دەکات بە شێوازی سەدەی باروکی مۆزیک بنوسێت، ئەمە پێی دەوترێت ڕاستگۆیی لەگەڵ هەست و گوزارشتدا، نابێت خۆسنوردار کردن لەوەوە سەرچاوە بگرێت کە ترسمان لە قبوڵ نەکردنی هەندێک کەسی بە ئەزمون و خاوەن ڕێچکە هەبێت، بەو مەرجەی کە بزانین بۆ ئەو کارەمان بەو جۆرە کردوە ؟، وەڵامی ڕوون و لۆژیکیمان هەبێت بۆی،، نابێت بە جۆرێک بێ ئاگا بین بەرهەمێک بە سوتفە مۆرکێک وەربگرێت، یان لەبەر خاتری کەسێک بێت کە ئارەزووی بیستنی دەنگی ئەو ئامێرە و ئاوازی لەو شێوەیەدەکات، دەبێت بەرهەمەکە دواتر خۆی ببێتە قولاپ بۆ هەست و ناخی گوێگر، بەڵام پێویستە بزانین چیمان کردوە ؟ بۆچ مەبەستێک، بەها و گرنگیەکەی بەرجەستە بکەین، لێرەدا بۆ ڕوون کردنەوەی خۆسنوردارکردن بە مەبەستی دەستبەرداربوونی، چوار خاڵ دەخەمە ڕوو:
1. کاتێک فێرخوازی مۆزیکین لە هەر جێگەیەک، زۆر گوێڕایەڵی مامۆستاین، ئەگەر بەشێکی پەیوەندی بە ترسەوە هەبێت یان بەو مەبەستەی زانیاری زۆرتر وەرگرین، زوتر فێر ببین، ئەمە پێویست و دروستە، بەڵام کاتێک لە بوارەکەدا پێشدەکەوین یان خوێندن تەواو دەکەین، نابێت هەمیشە وابەستای ئەو سنورداربوونە ببینەوە کە مامۆستاکەمان پەسەندی کردوە بۆ هەتا هەتایە، ڕەنگە ئەو ڕێچکەیە بەکەڵکی دنیای گوزارشت و وێناکردنی هونەری تۆ نەیەت و هەستی شکستت لا دروست بکات.
2. کاتێک دەڵێن فڵان هونەرمەند سیمفۆنیەکی نوسیوە، هەمووان تاس دەمان باتەوە و دەڵێن بەڕاستی بەتوانایە و لەخۆی دێت،، کەسێکی بەهرەمەندیش خوازیاری نوسینەوەی سیمفۆنیەک بێت، بۆ یەکەمین جار، ڕاستەوخۆ خودی خۆی و چواردەورەکەی سنورداری دەکەن بە کۆمەڵێک پەیڤ، لەوانە: جارێ زۆرت ماوە بۆ ئەوە، ئەوە بە تۆ ناکرێت، خواردنی تۆ نیە، تۆ هەر ڕێچکەی خۆت بگریت زۆر بەشترە،، چیتداوە لەو سەر ئێشەیە، … خودی خۆشی پێش هاوڕێیانی هەندێک لەم ووتانە لە زاینیدا دەکاتە هۆکاری خۆسنوردارکردن، بەڵام ڕاستی سەلمێنراو لە هەموو بوارەکانی ژیاندا لەوەدایە،، ئەوەی بۆ ئەوان و ئەمان گونجاوە بیکەن، بۆ ئێمە و هەموومان پەسەند و گونجاوە، سیمفۆنی دانان ڕێسای زانستی هەیە، دەکرێت بیکەینە پلانی سەر کاغەزێک پێش دەستپێکردن، وەک: هەڵبژاردنی میلۆدیەکان لە دانراو و فۆلکلۆریی بە پێی خواست و ئارەزوو، هەڵبژاردنی ئامێرەکان، ڕیتم و چۆنێتی هارمۆنی کردنی، پیڕەوکردنی سیستەمی ناوەکی نێوان ڕستە و پردە مۆزیکیەکان، دەستنیشانکردنی کاتی بەرهەمەکە،…. وەک کەرەستەکانی نەخشەکێشان و دروستکردنی خانویەک،کە لە بژاردن نایەت،، ئایا ئێمە ناتوانین فێر بین و پێی ڕابگەین ؟
3. زۆرینەی کەسایەتیە سەکەوتووەکان ئەوانە بوون کە پەیوەندی هەمە چەشنەیان پەیڕەو کردووە، بۆ جێبەجێ کردنی بەرهەم و کارەکانیان، بە پێی یاسای گونجاندن و شیاویی، مەرج نیە تەنها لە یەک تیپی مۆزیکدا کەمانچە بژەنین، مەرج نیە مۆزیک و گۆرانیەیەکانمان تەنها بۆ یەک تیپی مۆزیک و یەک دوو گۆرانی بێژ دابڕێژین، ئەمە هۆکاری زیانە بۆ داهێنان، دوورکەوتنەوە لە بە جیهانی بوون، زیانە بە پلانی هونەریی مەودا درێژ، دووبارەمان دەکاتەوە بەبێ داهێنان و ئەفراندن، گەورە بازرگان و وتار بێژی ئەمەریکی” براین ترەیسی”کە چەندین دامەزراوای بازرگانی و هۆتێلی هەیە، بەردەوام داواکاری لەسەرە بۆ کۆر و سیمینار دەربارەی بازرگانی و گەشەسەندنی مرۆیی، بەردەوام گۆڕانکاری دەکات لە شوێن و جێگەی سیمینارەکانی و پەیوەست بە بابەتەکەوە، ناچێت هەمیشە هۆتێلەکانی خۆی بکاتە جێگەی ووتاردانی، بەمە ڕووی بە جیهانی بونی وەرگرتووە و زۆر ناوبانگی بڵاوبۆتەوە، ئەم بابەتە بۆ ئێمەش بەکارە پێویستە ئاگادار بین، گەر دەمانەوێت ببینە نوێخواز و داهێنەر و، کار بە توانای ڕاستەقینەی خۆمان بکەین، پێویستە لە یەکەم هەنگاوەوە بەربەست لە زەینماندا درووست نەکەین بۆ خۆسنوردار کردن، هەمیشە: یەک هۆڵ بۆ کۆنسێرت، یەک چاپخانە بۆ کتێبەکانمان، یەک کۆمپانیای بەرهەمهێنانی سیدیی، ….
4. ڕێگری کردن و گوێ پێنەدانی هەر سنوردارکردنێک، کە ڕێگر بێت لە داهێنان و توانا و ئارەزووی تۆ، بۆ ئەو شێوازە سەرکەوتووەی بەرجەستەی دەکەیت، ڕەنگە هەندێک سنوردار کردن لە خودی خۆتەوە سەرچاوە نەگرێت، وەک ئەوەی تیپێکی مۆزیک خۆیان دەستنیشانی دەکەن کە چۆن ئاوازیان بۆ بنوسیت، کە ئەمە تەواو پێچەوانەی سەرکەوتن و هەست و ئەندێشەی ئاواز دانەرە، یان سینەما کارێک خۆی جەخت بکاتەوە لەوەی دەبێت بەو جۆرە مۆزیکی بۆ بنوسیت،، لەم کاتەدا کوا دەربڕینەکانی هەست و داهێنانی مۆزیکدانەر؟ خواست و داهێنان چونیەکن، گەر خواست و ئارەزووی کارێکی هونەریی بە شێوەیەکی سەبەخۆ بوونی نەبوو، خۆ سنوردارکردن دەکەوێتە کار.