نوسینی: نەبەز محەمەد
موزیکی گەردوونی: ئەو هارمۆنییەی کە لە جیهان دا هەیە.
موزیکی (ڕۆح)ی: موزیکی ناوەکی مرۆڤ یان هارمۆنی ڕۆحی مرۆڤ.
موزیک ئامرازی یان دروستکراو: موزیک کە بە هۆی ئامرازێکەوە دەژەنرێت.
بەپێی ئەو تێگەیشتنەی ئەمڕۆ ئێمە بۆ موزیک هەمانە، تەنها دۆخی سێهەم دمانگرێتەوە.
مەبەستی بوئتیوس لە موزیک گەردوونی؛ جوڵەی هارمۆنیک و هەماهەنگی ئاسمانییە کە ئێمە بە هۆی لاوازی هەستەکانمانەوە نایبیستین و دەرکی ناکەین. بەڵام عەقڵ ئەندێشەی ئێمە بوونی وەها موزیک دەسەپێنێت. موزیک دروستکراوی بەشەریش دەبێت سەرچشنێک لە سروشت بێت. لە ڕوانگەی بوئتیوسەوە موزیکی ڕاستەقینە و لە ڕاستیدا کامڵترین موزیک، هەمان موزیکی (گەردوونی) و هەمان (موزیکی ڕۆحی مرۆییە) بە پێگەینی عەقڵ و ئەندێشەی مرۆڤ ئەوانە دەرک دەکرێن و هونەرمەندی ڕاستەقینە (یان تیۆرسێنی هونەری ئازاد) کەسێکە کە دەتوانێ دەرکی هارمۆنی گەردوونی و هارمۆنی ڕۆحی بەشەری بکات. ( هەمان سەرچاوەی پێشوو) بۆچوونی بوئتیوس بەتایبەت دەربارەی جوانی و هونەر، لە مۆسیقادا کورت بۆتەوە، کە تیایدا جوانیناسی بوئتیوس بە تێکەڵکردنی ڕەگەزی بیرکاریانەی فیساگۆرسی و ڕەگەزی میتافیزیکی ئەفلاتونی، وێنەیەکی سەرکەوتووی لە جوانی هونەر ( موزیک) پیشکەش بە خوێنەران و گوێگرانی سەدەکانی ناوەڕاست دەکات.
تیۆدۆر ئادۆڕنۆ
ئادۆڕنۆ دوو جۆر موزیک لەیەک جیادەکاتەوە مۆسیقای ڕەسەن و بەرز موزیکی جەماوەری popular music موزیکی جەماوەری بە هۆکاری نامۆیی دەزانێ و پێیوایە موزیکێکی کاڵاییە، بەڵام موزیکی ڕەسەن بە موزیکێکی ڕەخنەیی و کاردانەوەیی دەزانێت و باوەڕی وایە موزیکی رەسەن کەسێتییەکی بابەتی هەیە و دژایەتی ئەو دۆخە دەکات کا تیایەتی.
ئادۆڕنۆ ئەم موزیکە بە موزیکێکی ناستاندار و ڕادیکاڵ و خۆ ئەندێشی هونەری ڕاستەقینە دەزانیت، بڕوای وایە ئەم موزیکە ناستاندارە لە گەڕاندا بۆ سەربەخۆیی لە جیاتی ئەوەی تەسلیمی پرۆسە کۆمەڵایەتییەکان بێت پەیوەندییەکی نزیک لەگەڵ ئازادی دەبەستێت. ( ﺗﺤﻠﯿﻞ و ﺑﺮرﺳﯽ ﻣﻮﺳﯿﻘﯽ از ﻣﻨﻈﺮ ﺗﺌﻮدور آدورﻧﻮ.. ) لەم ڕوانگە ئادۆڕنەییەوە ئەگەر سەرنجی موزیکی بیتهۆڤن بدەین، دەکرێ بڵێین نەک موزیکێکی ڕەسەنە بەڵکو لوتکەیەک لە ڕەسانەیەتی و بەرزێتی داگیر کردووە، بەهۆی جیاوازی و داهێنان و ڕەهەندە ڕەخنەییەکەی کە زمانی موزیکەکەی زمانی ئازادییە و شۆڕشگێڕییە.
ئادۆڕنۆ دوالیستی بوونی موزیک و کۆمەڵگە ڕەتکاتەوە و پێیوایە ناکرێت لەیەک دابڕێن، مۆسیقا هەم سەربەخۆیە و هەم ڕەگەزێکی کۆمەڵایەتییە. ئەدۆڕنۆ بڕوای وایە موزیک لە مێژە لە ڕۆڵی کردارەکی خۆی زیاتر ڕۆشتووە و لەبەرانبەر گۆڕانە واقعییە کۆمەڵایەتییەکاندا کاردانەوە نیشان دەدات و زیاتر لێرەوە سەرچاوەش دەگرێت. ئەو بڕوای وایە موزیک هەقیقەتی مرۆڤایەتی و کۆمەڵایەتی ڕوون دەکاتەوە. موزیک دەتوانێت دۆخی مرۆڤ لە ڕووی تاک و کۆمەڵەوە ئاشکرا بکات و بەزمانی خۆی کە زمانی ناتواناییەکانە (واتە شتانێک کە بە موزیک نەبێت دەرنابرێت و ناخرێتەسەرباری وتن) خەریکی خستنەڕووی کیشە و ناکۆکییە ژیانی و کۆمەڵایەتی و لە خۆ نامۆبوونییەکانیەتی. ( هەمان سەرچاوەی پێشوو). هەر ئەمەشە ڕەسەنێتی موزیک لای ئادۆرنۆ دەچەسپێنێت، بیتهۆڤنیش ڕێک ئەم کارەی دەکرد. واتە موزیکەکەی موزیکێکی ڕەخنەیی و شۆڕشگێڕانە و ئازادیخوازانە بوو، پێش بیتهۆڤن موزیک تەنها بۆ ئەرستۆکراتەکان بوو.
بیتهۆڤن نموونەیەکە بۆ موزیک کە مل کەچ ناکات بۆ هیچ کۆت و بەندێک نە بۆ کەنیسەی دەنووسی نە بۆ خانەدانەکان بەڵکو بۆ خۆی دەنووسی. ( الفیلسوف و فن الموسیقی، تالیف جولیوس بورتنوی، ترجمة د. فواد زکریا الطبحة الاولی ٢٠٠٤، ص٢٢٤