" type="text/css" > Skip to main content

نوسینی: جەمالی دەلاک

چه‌ندجارێك له‌نزیكه‌وه‌ پیاوێكی باڵابه‌رزی كه‌مێك له‌ش و لار پڕی ئه‌سمه‌ر و ده‌م به‌خه‌نده‌ی شیكپۆشم ده‌بینی، له‌ساڵی (1977) كاتێك شاگردی( گازینۆی شاره‌وانی) بووم، ئه‌و كه‌سایه‌تییه‌ ده‌هات بۆ ئه‌و گازینۆیه‌، دواتر به‌ڕێڕه‌و له‌سه‌ر شه‌قامی مه‌وله‌وی و  ناو بازاڕی عه‌سری له‌دووره‌وه‌ ئه‌وكه‌سایه‌تییه‌م زیاتر ده‌بینی خۆشم ده‌ویست به‌بێ ئه‌وه‌ی بیناسم و زانیاریم له‌سه‌ری هه‌بێت..!  ڕۆژێك پرسیارم ده‌رباره‌ی ناو و پیشه‌كه‌ی كرد، له‌وه‌ڵامدا گوێ بیستی ئه‌وه‌بووم ئه‌و به‌ڕێزه‌، یه‌كێكه‌ له‌ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ری( تیپی مۆسیقای مه‌وله‌وی) ساڵی(1955) ناوی( حاته‌مه‌ ڕه‌شه‌)،

كاتێك ئه‌وزانیارییه‌م بیست هێنده‌ی تر له‌دڵمدا خۆشه‌ویستر و شیرینتر بوو، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ته‌مه‌ن ڕێگربوو له‌نێوانماندا و هه‌روه‌ها شه‌رمم ده‌كرد له‌نزیكه‌وه‌ بیدوێنم، به‌ڵام ئاره‌زووم بوو زانیاری له‌سه‌ر ژیانی هونه‌ری و كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ ژه‌نیاره‌ی تیپی مۆسیقای مه‌وله‌وی به‌ده‌ست بێنم.

دوای ئه‌وه‌ی كه‌وتمه‌ شوێن هونه‌رمه‌ندانی تیپی مۆسیقای مه‌وله‌وی هونه‌رمه‌ندان (نه‌جاتی عه‌بده‌ ، به‌هجه‌ت ڕه‌شید سه‌عاتچی و هادی عه‌نبه‌ر) ده‌رباره‌ی ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی و هونه‌ری یان نووسیم ، ئه‌وكاته‌ زیاتر بۆم ڕۆشم بۆوه‌ كه‌ هونه‌رمه‌ند حاته‌م سه‌عید ، ئه‌ویش هیچی كه‌مترنییه‌ له‌ هونه‌رمه‌نده‌ هاوڕێكانی كه‌پێكه‌وه‌ هه‌موویان ڕێبواری ڕێگا پیرۆزه‌كه‌ی هونه‌ر بوون.

هونه‌رمه‌ند حاته‌م سه‌عید ئه‌حمه‌د، ناسراو به‌ (حاته‌مه‌ ڕه‌ش) له‌ساڵی ( 1936) له‌گه‌ڕه‌كی ئه‌سحابه‌سپی چاوی به‌ژیان هه‌ڵهێناوه‌. باوكی هونه‌رمه‌ند یه‌كێك بووه‌ له‌وه‌ستاده‌ست و په‌نجه‌ ڕه‌نگینه‌كان له بواری ‌پیشه‌ی به‌رگدروودا، له‌نێو خه‌ڵكیی و هاوپیشه‌كانی دا به‌ ناوی دایكیه‌وه‌ به‌ ( وه‌ستا سه‌عیدی پیرۆزی به‌رگدروو) ناسراوه‌. دایكی هونه‌رمه‌ند ناوی ئامینه‌خان‌ بووه‌، باوكی و دایكی له‌خانه‌واده ‌دێرینه‌كانی شاری سلێمانی بوون، هونه‌رمه‌ند حاته‌مه‌ ڕه‌ش تاقانه‌ی(5 خوشك) ه‌و، خۆشه‌ویستی خانه‌واده‌كه‌ی بووه‌.هونه‌رمه‌ند ئاستی خوێنده‌واری ده‌رچووی (ئاماده‌یی پیشسازی سلێمانی ) یه‌.

هونه‌رمه‌ند حاته‌م سه‌عید و تیپی مۆسیقای مه‌وله‌وی تیپی مۆسیقای مه‌وله‌وی، ئه‌و تیپه‌ مۆسیقییه‌ی له‌مێژووی شاری سلێمانی و عێراق و كوردستان به‌گشتی  مێژوویه‌كی دره‌وشاوه‌ی هه‌یه‌، ئه‌ویش به‌هه‌وڵ و تێكۆشانی كۆمه‌ڵه‌ ژه‌نیارێكی دڵسۆزو خه‌مخۆر بۆ پێشخستنی مۆسیقا و گۆرانی كوردی، ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ به‌ڕێزانه‌ سه‌ره‌ڕای له‌مپه‌ره‌كانی به‌رده‌میان توانیان چرایه‌كی دره‌وشاوه‌ی كاروانی هونه‌ری مۆسیقا و گۆرانی كوردی بن، حاته‌م سه‌عید ئه‌ویش یه‌كێكه‌ له‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ی له‌سه‌ره‌تای دامه‌زراندنی تیپی مۆسیقای مه‌وله‌وی، جێ په‌نجه‌و ژه‌نینی ئامێری ( ئیقاع _ زه‌رب) ه‌كه‌ی ڕۆشنه‌، له‌سه‌ره‌تای دامه‌زراندنی تیپی ناوبراوه وه‌‌، واته‌ له‌ساڵی (1955) تا ڕێكه‌وتی (24/6/192)  ژه‌نیاری به‌توانای ئامێره‌كانی( ڤیۆلۆن و كلارنێت) و سه‌رۆكی تیپی مۆسیقای مه‌وله‌وی ،هونه‌رمه‌ند( قادر دیلان1928_18/3/1999) چوونی بۆ ( پراگ) ی پایته‌ختی( چیكۆسلۆڤاكیا) به‌مه‌به‌ستی خوێندنی مۆسیقا، حاته‌م سه‌عید له‌هه‌موو چالاكییه‌ هونه‌رییه‌كان و ئاهه‌نگ و بۆنه‌ تایبه‌ته‌كان به‌ ژه‌نینی ئامێری ( ئیقاع)  و وه‌ڕۆژانی دوای به‌جێهێشتنی هونه‌رمه‌ند قادر دیلان بۆ ده‌ره‌وه‌ی كوردستان، ئه‌و به‌وپه‌ڕی ‌خۆشه‌ویستییه‌وه به‌شداری كردووه‌ و له‌پێناو پیرۆزی و به‌رزڕاگرتنی هونه‌ردا تێكۆشاوه‌. كاتێك هونه‌رمه‌ند حاته‌م سه‌عید ده‌بێته‌ ئه‌ندام و ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ری تیپی مۆسیقای مه‌وله‌وی ته‌مه‌نی (19) به‌هار بووه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی ئه‌وتۆم ده‌ست نه‌كه‌وت، تابزانرێت ئه‌و حه‌زو خولیایه‌ی بۆ ئامێری( ته‌پڵ _ زه‌ڕب) له‌كوێوه‌ و سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌ و له‌ كێوه‌ ‌فێری ژه‌نینی ئه‌و ئامێره‌ بووه‌..؟!

هونه‌رمه‌ند ( قادر دیلان) ی شاره‌زا له‌مۆسیقا و نیشتمانپه‌روه‌ر له‌دیدارێكدا، یاده‌وه‌ری ئه‌و ڕۆژانه‌ ده‌گێڕێته‌وه‌ كه‌ ڕادیۆی كوردی به‌غدا به‌جێ دێڵێ و ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆشاری سلێمانی ( تاساڵی (1955) له‌ڕادیۆی كوردی به‌غدامامه‌وه‌ و دواتر گه‌ڕامه‌وه‌ بۆسلێمانی، له‌وكاته‌دا دایكم نه‌مابوو، باوكم نه‌خۆش بوو  حه‌مه‌ ساڵحی برام له‌به‌ندینخانه‌ بوو ، ئه‌و نه‌خۆشییه‌ی باوكم بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی له‌ماڵی خۆمان قوتابخانه‌یه‌كی بچكۆله‌م كرده‌وه‌ بۆفێركردنی مۆسیقا و ئامێره‌كانی مۆسیقا كه‌له‌وكاته‌دا به‌كارده‌هێنرا، ده‌وری (15 بۆ 16) كه‌س ئه‌هاتن ده‌رسیان ئه‌خوێند ، له‌وانه‌ : حاته‌م سه‌عید ، نه‌جاتی عه‌بده‌ ، ئومێد مه‌دحه‌ت ، سه‌ردار ڕه‌مزی ، هادی عه‌نبه‌ر ، ولیه‌م یوحه‌نا ، ئه‌و خریجی مه‌عهه‌دی مۆسیقای به‌غدابوو ، له‌وێ ته‌خه‌روجی كردبوو ، براده‌رێكی عه‌ره‌بیش مان له‌گه‌ڵدا بوو ، ناوی ( حازم حه‌داد)  بوو زۆر زۆر باش بوو ، به‌كورتی پاش ماوه‌یه‌ك تیپێكی زۆر زۆر باشی لێده‌رچوو ) (١)

دامه‌زراندنی تیپێكی مۆسیقا به‌ناوی تیپی مۆسیقای مه‌وله‌وی، وه‌رچه‌رخانێكی گرنگ بوو بۆ هونه‌ری مۆسیقا و گۆرانی له‌وسه‌رده‌مه‌دا، له‌به‌رئه‌وه‌ی پێشتر تیپێكی مۆسیقا نه‌بووه‌ تا بتوانێ به‌شێویه‌كی نوێگه‌ری ئامێره‌كانی مۆسیقا و ده‌نگ و هونه‌ری هونه‌رمه‌ندان له‌ چوارچێوه‌یه‌كدا كۆبكاته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌و كۆمه‌ڵه‌ هونه‌رمه‌نده‌ خوێن گه‌رم و خاوه‌ن سه‌لیقه‌ هونه‌رییه ڕچه‌شكێن بوون و توانیان كاروانی هونه‌ر به‌ره‌وپێش ببه‌ن به‌كاره‌ هونه‌رییه‌كانیان.

هونه‌رمه‌ند حاته‌م سه‌عید له‌دێدارێكیدا له‌گه‌ڵ ( گۆڤاری سلێمانی) لاپه‌ڕه‌ی یاده‌وه‌رییه‌كانی ده‌رباره‌ی چۆنیه‌تی دامه‌زراندنی تیپی مۆسیقای مه‌وله‌وی هه‌ڵده‌داته‌وه‌ و ده‌ڵێت : ( ئێمه‌ كۆمه‌ڵێك براده‌ربووین، نه‌جاتی عه‌بده‌، ئومێد مه‌دحه‌ت موباره‌ك، هادی عه‌نبه‌ر، به‌هجه‌ت سه‌عاتچی و به‌نده‌، له‌دوكانی به‌هجه‌تی سه‌عاتچی كۆده‌بووینه‌وه‌ و دائه‌نیشتین و هه‌ریه‌كه‌مان له‌ئامێرێكی مۆسیقاداشاره‌زابووین، به‌هجه‌ت و هادی كه‌مانچه‌یان ئه‌ژه‌نی، نه‌جاتی عه‌بده‌ شمشاڵی لێئه‌دا، هه‌رله‌وسه‌روبه‌نده‌دا مامۆستا ولیه‌م یوحه‌ننا په‌یمانگای ته‌واوكرد، ئه‌میش كه‌مانچه‌ی ئه‌ژه‌نی،ڕۆژانه‌ ته‌مرینی ئه‌كرد و ئێمه‌ش سه‌ردانیمان ئه‌كرد، دوای ماوه‌یه‌ك هونه‌رمه‌ند قادر دیلان له‌ئیزگه‌ی كوردی به‌غدا دوورخرایه‌وه‌ و هاتبۆوه‌ بۆ سلێمانی، قادردیلان هونه‌رمه‌ندێكی گه‌وره‌و به‌توانا و نیشتمانپه‌روه‌ر بوو، له‌به‌غدا له‌گه‌ڵ ( سامی شه‌واف و  ئه‌نوه‌رمه‌نسی) كاری كردبوو، ئه‌و دوو زاته‌ له‌بواری مۆسیقادا ناسراو بوون، قادر دیلان له‌سه‌ر هه‌ڵوێستی كوردانه‌ی له‌ڕادیۆی كوردی به‌غدا ده‌ركرابوو، له‌مۆسیقا و هونه‌ردا زۆر شاره‌زابوو، زۆر دڵخۆشبوو به‌حه‌زوو ئاره‌زوومان ڕۆژێك پێشنیاری كرد كه‌تیپێكی مۆسیقا دابمه‌زرێنین، هه‌موومان پێمان خۆشبوو ڕازی بووین، تیپه‌كه‌مان بریتی بووین له‌ :

(قادر دیلان : 1928_18/3/1999، كه‌مانچه‌) ، (به‌هجه‌ت ره‌شید سه‌عاتچی : 1927_12/7/1998 _ كه‌مانچه) ‌، (هادی عه‌نبه‌ر:1933_5/5/2007 _ كه‌مانچه‌ )، ( نه‌جاتی عه‌بده: 1937‌_ شمشاڵ) ، حازم حه‌داد: موسڵاوی بوو ، ئامێری عودی ده‌ژه‌نی و گۆرانیشی ئه‌گوت، (جه‌لال عه‌زیز : 1928 سلێمانی_ 19/4/2008 له‌نده‌ن_  ئه‌ویش عودی ده‌ژه‌نی و گۆرانیشی ئه‌گوت، سه‌ردار ڕه‌مزی: كه‌مانچه) ‌، (حاته‌م سه‌عید _ ئیقاع) (2) دوای ئه‌وه‌ی ئه‌و كۆمه‌ڵه‌ هونه‌رمه‌نده‌ بڕیارده‌ده‌ن هێزو توانای هونه‌رییان له‌تیپێكدا كۆبكه‌نه‌وه‌، ڕۆژانه‌ دوكانه‌كه‌ی هونه‌رمه‌ند( به‌هجه‌ت ڕه‌شید سه‌عاتچی) ده‌بێته‌ پێگه‌ی به‌یه‌كگه‌یشتن و دیداریان له‌به‌رئه‌وه‌ی هیچ شوێن و باره‌گایه‌كیان نه‌بوو تا لێی كۆببنه‌وه‌، ئه‌ودوكانه‌ ده‌بێته‌ یه‌كه‌م وێستگه‌ له‌ژیانی هونه‌رییان. له‌‌دوكانه‌كه‌ی هونه‌رمه‌ند به‌هجه‌ت سه‌عاتچی یه‌وه‌، مژده‌ی دامه‌زراندنی تیپێكی مۆسیقا كه‌ كۆمه‌ڵێك گه‌نج و لاوی خه‌مخۆر و دڵسۆز بۆ مۆسیقا و هونه‌ری كوردی  درابه‌شاری سلێمانی و كوردستان به‌گشتی،له‌سه‌ره‌تادا ئه‌م كۆمه‌ڵه‌ هونه‌رمه‌نده‌ له‌ژێر سایه‌ی ئه‌م تیپه‌ مۆسیقیه‌ بێ ناوه‌دا كاریان كردووه‌ و ، هیچ شوێنێكی تایبه‌ت و باره‌گایه‌كی سه‌ره‌كی یان نه‌بووه‌ تا لێی كۆببنه‌وه‌و پرۆڤه‌ بكه‌ن له‌سه‌ر كاره‌ هونه‌رییه‌كانیان ، دوكانه‌كه‌ی به‌هجه‌تی سه‌عاتچی شوێنی كۆبوونه‌و بڕیاردانیان بووه‌ بۆ كاری هونه‌ری، هه‌ندێك جاریش ماڵی هه‌ردوو هونه‌رمه‌ند( ولیه‌م یوحه‌ننا و قادر دیلان) ده‌بێته‌شوێنی پرۆڤه‌كردنیان‌، مه‌گه‌ر جارجارێك له‌یه‌كێك له‌قوتابخانه‌كان ڕێگه‌یان پێدابن پرۆڤه‌ بكه‌ن.

بۆناونرا تیپی مۆسیقای مه‌وله‌وی ..؟! ئه‌م كۆمه‌ڵه‌ هونه‌رمه‌نده ‌ده‌ست و په‌نجه‌ جوانه‌ هونه‌رییه‌، له‌به‌ر ڕێزو حورمه‌تی زۆرییان بۆ هونه‌رمه‌ند قادر دیلان،  چونكه‌ كه‌سێكی نیشتمانپه‌روه‌ر ‌ و  زاده‌ی خانه‌واده‌یه‌كی هونه‌ری و ئه‌ده‌بی و كوردپه‌روه‌ر بووه‌،  له‌سه‌ر ئه‌وهه‌ڵوێسته‌ جوانانه‌یی و هه‌روه‌ها شاره‌زاییه‌كی زۆری  له‌ مۆسیقادا هه‌بووه‌، پێیان باشبووه‌‌ ناوی تیپه‌كه‌ بنێن (دیلان)،  به‌ڵام هونه‌رمه‌ند (قادر دیلان) به‌و پێشنیاره‌ی هاوڕێ هونه‌رمه‌نده‌كانی ڕازی نابێت وگله‌یی و گازانده‌ش ده‌كات و پێیان ده‌ڵێت من بڕیاری كشانه‌وه‌ ده‌ده‌م ئه‌گه‌ر به‌ناوی دیلانه‌وه‌ ناوی تیپه‌كه‌‌ بنێن ..!

له‌و ڕوانگه‌یه‌وه‌ هونه‌رمه‌ند (قادر دیلان)  ده‌ڵێت ( سه‌ره‌تا تيپه‌كه‌يان ناونا( ديلان) من ڕازى نه‌بووم و به‌ئه‌ندامانى تيپه‌كه‌م ووت، ئه‌و ناوه‌ نه‌گۆڕن وازدێنم، ئه‌وجاكردمانه‌ تيپى مه‌وله‌وى) ٣) هه‌روه‌ك ئه‌ركێك و فه‌رامۆش نه‌كردنی ئه‌و كه‌سایه‌تیه‌  كه‌ ناوی تیپه‌ مۆسیقییه‌كه‌ی ناونا مه‌وله‌وی، بۆ به‌ناوی ئه‌و شاعیره‌ به‌رزه‌ی كورده‌وه‌ ئه‌و تیپه‌ ناونرا ..؟! ئه‌ویش كه‌سایه‌تیه‌كه‌ كه‌ خاوه‌نی مێژوویه‌كه‌ له‌دنیای هونه‌ر و ڕاگه‌یاندن و خه‌مخۆری فه‌رهه‌نگ و كه‌لتووری نه‌ته‌وه‌كه‌مان، هونه‌رمه‌ندی ژه‌نیار و ئاواز دانه‌ر ( نه‌جاتی عه‌بده‌) له‌ دیمانه‌یه‌كدا له‌پاشكۆی ڕۆژنامه‌ی ( العراق) كه‌به‌كوردی له‌به‌غدا ده‌رچووه‌ ده‌ڵێت ( چه‌ند جارێك له‌سه‌ر ناونانی تیپه‌كه‌ كۆبووینه‌وه‌، ڕۆژێك كاك(حه‌مه‌ فه‌ره‌ج مه‌عرووف ، ناسراو به‌خاڵه‌ حه‌مه‌فه‌ره‌ج 1938_ 12/2/2008) هات و وتی ناوێكی زۆر خۆشم دۆزیوه‌ته‌وه‌ ناوی تیپه‌كه‌ ده‌نێین ( تیپی مۆسیقای مه‌وله‌وی) له‌ڕۆحیانه‌تی (مه‌وله‌وی) مه‌زنه‌وه‌ نزیكه‌، چونكه‌ هۆنراوه‌كانی زۆر ته‌ڕ و جوان و بڕگه‌كانی پڕن له‌مۆسیقا، ئیتر بڕیاری له‌سه‌ر درا) (٤) ئه‌ندامانی ده‌سته‌ی دامه‌زراندنی تیپی مۆسیقای مه‌وله‌وی له‌ساڵی (1955) دامه‌زرا، هونه‌رمه‌ند حاته‌م سه‌عید یه‌كێك بووه‌ له‌ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ران له‌گه‌ڵ ئه‌م هونه‌رمه‌ندانه‌  :

1/ قادر دیلان .

2/ بەھجەت ڕەشیدسەعاتچی.

3/ حاته‌م سه‌عید ( حاته‌مه‌ ڕه‌ش)

4/ ولیەم یوحەننا.

5/ نەجاتی عەبدە.

6/ ھادی عەنبەر.

7/ سەردار ڕەمزی فەتاح.

8/ قادرعەروس.

9/ ئومێد مه‌دحه‌ت موباره‌ك.

10/ حازم حەداد ( خه‌ڵكی موسڵ بووه‌) .

11/ نووری بەدەوی.

12/ ساجیدڕه‌فیق

13/ حه‌مه‌ فه‌ره‌ج مه‌عروف ( ناسراو به‌  خاڵه‌ حه‌مه‌ فه‌ره‌ج). ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ ده‌ست و په‌نجه‌ ڕه‌نگین و دڵسۆزانه‌ بۆ هونه‌ری نه‌ته‌وه‌كه‌یان مه‌شخه‌ڵی هونه‌ری مۆسیقا و گۆرانی كوردیان له‌شاری سلێمانی به‌رزكرده‌وه‌ و دواتر به‌هه‌موو كوردستان و عێراق دا ناو و كاره‌ هونه‌رییه‌كانیان بڵاوبۆوه‌.

تیپی مۆسیقای مه‌وله‌وی وه‌رگرتنی مۆڵه‌تی فه‌رمی …؟! دوابه‌داوی پێدانی مژده‌ی دامه‌زراندنی تیپێكی مۆسیقا له‌شاری سلێمانی، بۆئه‌وه‌ی به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ربه‌ست و ئازادانه‌ كاروچالاكییه‌ هونه‌رییه‌كانیان ئه‌نجام بده‌ن، پێویستیان به‌وه‌رگرتنی مۆڵه‌تی فه‌رمی یه‌، دووباره‌ هانا بۆ یاده‌وه‌رییه‌كانی هونه‌رمه‌ند ( نه‌جاتی عه‌بده‌) ده‌به‌مه‌وه‌ تاچۆنیه‌تی وه‌رگرتنی مۆڵه‌تی فه‌رمی له‌زاری ئه‌و شایه‌تحاڵ و ئه‌ندامه‌ سه‌ره‌كییه‌ی تیپی مۆسیقای مه‌وله‌وی پێمان ده‌ڵێت : بۆ دامه‌زراندنی تیپه‌كه‌ مۆڵەتێكی فه‌رمیمان پێشكەش كرد، تاڕێگه‌ به‌ تیپەكە بدرێت بێ ئەوەی كەس بتوانێت بەربەستی بۆ دابنێت كارەكانی خۆی ئه‌نجام بدات، داواكارییه‌كه‌مان له‌ ڕێگای موته‌سه‌ڕیفی ئه‌و كاتی سلێمانی بۆ به‌غدانێردرا، له‌و كاته‌شدا(سه‌عید قه‌زاز 1904 سلێمانی _ 20/9/1959) وه‌زیری ناوخۆ بوو، كه‌ داواكارییه‌كه‌مان ده‌چێته‌ به‌رچاوی، بێ دوودڵی یه‌كسه‌رده‌ڵێت: زۆر باشە، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و كوڕه‌ گه‌نجانه‌ی سلێمانی زۆر خه‌ریكی كارو چالاكی سیاسه‌ت نه‌بن و بە مۆسیقاوە خەریك بن، مۆڵه‌تیان پێ بده‌ن تا ئه‌و تیپه‌ دابمه‌زرێنن، ئەو وەزیرە بێ ئاگا بوو لەوەی له‌ بنه‌ڕه‌تدا ئێمه ‌ئامانجمان برەودان بوو بە كاری سیاسی بەڵام له‌ژێر په‌رده‌ی هونه‌ردا..!
دوای ئه‌مه‌ به‌فه‌رمی تیپی مۆسیقای (مه‌وله‌وی)مان دامه‌زراندو كه‌وتینه‌ پێشكه‌ش كردنی ئاهه‌نگی مۆسیقاو گۆرانی و جه‌ماوه‌ریش پشتگیرییه‌كی باشی كاره‌كانی ئێمه‌یان ده‌كرد، به‌تایبه‌تی خه‌ڵكی سلێمانی، ئه‌مه‌ش وای له‌ تیپه‌كه‌ كرد كه‌ زیاتر گه‌شه‌ بكات و زیاتر پێش بكه‌وێت و چێژی هونەری ته‌شه‌نه‌ بكات)(5). دوای وه‌رگرتنی مۆڵه‌تی فه‌رمی بۆ تیپی مۆسیقای مه‌وله‌وی ئه‌و كۆمه‌ڵه‌ هونه‌رمه‌نده‌ به‌هه‌موو توانایانه‌وه‌‌ تێده‌كۆشن وئاهه‌نگی گۆرانی و مۆسیقا سازده‌كه‌ن و  زیاتر گه‌شه‌ ده‌كه‌ن و به‌ره‌و پێش ده‌چن،سه‌رسامی و پشتگیری جه‌ماوه‌ری شاری سلێمانی به‌ده‌ست دێنن، كاره‌ هونه‌رییه‌كانی تیپی مۆسیقای مه‌وله‌وی ڕێخۆشكه‌ر ده‌بێت بۆ دامه‌زراندنی( كۆمه‌ڵه‌ی هونه‌ره‌ جوانه‌كان له‌سلێمانی) له‌ساڵی(1957) دواتر ئه‌م كۆمه‌ڵه‌یه‌ له‌شاره‌كانی دیكه‌ی كوردستان لقی لێ ده‌كرێته‌وه‌، هونه‌رمه‌ند حاته‌م سه‌عید جیاله‌وه‌ی ئه‌ندامی تیپی مۆسیقای مه‌وله‌وی بووه‌، له‌ساڵی (1960) ده‌بێته‌ ئه‌ندامی  كۆمه‌ڵه‌ی هونه‌ره‌ جوانه‌كان،  به‌پێی ناسنامه‌ی كۆمه‌ڵه‌ی هونه‌ره‌ جوانه‌كان ژماره‌( 94) له‌ڕێكه‌وتی (13/5/1960) له‌ته‌مه‌نی (24) ساڵیدا بۆته‌ ئه‌ندامی كۆمه‌ڵه‌ی هونه‌ره‌ جوانه‌كانی ‌سلێمانی.(6)  تیپی مۆسیقای مه‌وله‌وی له‌گه‌ڵ ده‌ركه‌وتنیان وكاره‌ هونه‌رییه‌كانیان له‌لای جه‌ماوه‌ر زیاترناسرا، كۆمه‌ڵه‌ هونه‌رمه‌ندێكی ده‌نگخۆش و به‌توانا له‌چڕینی ئاوازی كوردی له‌ده‌وری تیپی ناوبراو كۆبوونه‌وه‌ و به‌شداربوون له‌هه‌موو ئاهه‌نگ و یاد و بۆنه‌ نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كان و كاره‌ساته‌ تراژیدیاكان و ئاهه‌نگی كۆمه‌ك كۆكردنه‌وه‌ بۆ نه‌داران و لێقه‌وماوان، ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ی له‌ته‌ك ده‌ست و په‌نجه‌ی هونه‌رمه‌ندانی تیپی مۆسیقای مه‌وله‌وی به‌شداربوون وه‌ك: ( ڕه‌شید حاجى عه‌بدوڵاميرزاعه‌زيزميرزافه‌تاحى بازرگان ) ناسراو به‌ ڕه‌شۆڵ،1912_14/7/1974) ، (حه‌مه‌ى به‌كر،1926_14/2/1999) ،(شه‌ماڵ سائيب، 1931_ 7/11/1986) ، (حه‌سه‌ن زيره‌ك، 1921_26/6/1972)، (باكوورى، 1928_22/11/2022)  ،(سێوه، 1891_9/12/1963)‌ ، ( تايه‌ر تۆفيق،1922_20/10/1987) ،( حه‌مه‌ ساڵه‌ح دیلان، 1927_28/10/1990) ، ( عوسمان سابونچی، 1931_16/6/1971)، ( فوئاد ئه‌حمه‌د، 1932_17/8/2004) ، (ڕه‌سوڵ گه‌ردى، 1922_17/10/1994)،(ئيبراهيم محه‌مه‌د،1931_3/5/2005) ،( قادرى حاجى حسێن،1921_6/9/1984) ،(كه‌ریم كابان،1927_14/1/2016) ،  ( محه‌مه‌دی ماملێ 1925_23/1/1999) ،(عومه‌ر ڕه‌زا، 1942_7/8/2021) ، (عائیشه‌ عه‌لی)، (ڕه‌فيق چالاك، 1923_30/11/1973)،( خه‌لیلی سه‌دیقی، 1930_1970) ،(ئه‌حمه‌دی شێخاڵی، 1929_6/12/2005) ،( فه‌ره‌جى حاجى ڕه‌شيد 1922_1981)  و ( جه‌مال جه‌لال 1942_21/8/2016) . تیپی مۆسیقای مه‌وله‌وی تیپه‌ تاقانه‌كه‌ی كوردستان ، له‌سه‌ره‌تای دامه‌زراندنیانه‌وه‌ كۆمه‌ڵێك كارو چالاكی هونه‌رییان له‌شاری سلێمانی و شارۆچكه‌و شاره‌كانی دیكه‌ی كوردستان و ته‌نانه‌ت شاری به‌غداش ئه‌نجام داوه‌، له‌هه‌موو ئه‌و كارو چالاكییه‌ هونه‌رییانه‌، هونه‌رمه‌ند حاته‌م سه‌عید یان حاته‌مه‌ڕه‌ش، به‌شداری كردووه‌ و به‌ئامێری ئیقاعه‌كه‌ی هاوكاری هاوڕێ هونه‌رمه‌نده‌كانی بووه‌ ، ئاهه‌نگ و بۆنه‌ نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یی یه‌كانی تیپی مۆسیقای مه‌وله‌وی ئه‌نجامی داون….

ئاهه‌نگ و چالاكییه‌ هونه‌رییه‌كان: 1 / ئاهه‌نگی قوتابخانه‌كان، قوتابخانه‌ی گۆیژه‌ی كوڕان له ڕێكه‌وتی‌ ( 4/12/1955) 2/ ئاهه‌نگی دواناوه‌ندی سلێمانی به‌بۆنه‌ی كردنه‌وه‌ی پێشانگایه‌كی پیشه‌سازی له‌  رێكه‌وتی(20/8/1956) له‌و ئاهه‌نگه‌دا هونه‌رمه‌ندان ( حه‌سه‌ن زیره‌ك و ئه‌حمه‌دی شێخاڵی) و چه‌ند هونه‌رمه‌ندێكی دیكه‌ی شاری سلێمانی به‌شداربوون، وێنه‌ی ئه‌و ئاهه‌نگه‌ له‌لایه‌ن فۆتۆگرافه‌ری به‌توانا( ڕه‌فیق مه‌حمود محه‌مه‌د ناسراو به‌ ڕه‌فیقی وێنه‌گر ، 1932_8/9/2020)  وێنه‌ی گیراوه‌ و ئه‌مڕۆ بۆته‌ ئه‌رشیفێكی به‌نرخ.

3/ هه‌موو كۆتایی مانگێك له‌یانه‌ی فه‌رمانبه‌ران، ئاهه‌نگیان بۆ میوانانی یانه‌ی فه‌رمانبه‌ران سازكردووه‌ .

4/  ئاهه‌نگی كۆمه‌ك كۆكردنه‌وه‌ بۆ زیان لێكه‌وتووانی كاره‌ساتی بومه‌له‌رزه‌كه‌ی ( پێنجوێن) و ئه‌و كاره‌ساته‌ تراژیدیایه‌ی له‌ڕۆژی (18/10/1957) ڕۆژی لافاوه‌كه‌ىشارى سلێمانى، تيپى مۆسيقاى مه‌وله‌وى وه‌ك هه‌ستێكی به‌رزی نیشتمانی و ئه‌ركێكی نه‌ته‌وه‌یی، هونه‌ر ده‌كه‌نه‌ ڕایه‌ڵه‌یه‌ك له‌نێو شارو شارۆچكه‌كاندا، نمایشی شانۆی( ڕه‌زیل و لافاو) له‌نووسین و ئاماده‌كردنی هونه‌رمه‌ند( قادر دیلان) و  گۆرانی و مۆسیقا بۆمه‌به‌ستی كۆمه‌ك كۆكردنه‌وه‌‌، به‌هاوكاری هونه‌رمه‌ندانی گۆرانیبێژ ( حه‌مه‌ ساڵه‌ح دیلان1927_28/10/1990) ،  ( ڕه‌شۆڵ)  و ( عوسمان سابونچی 1931_16/6/1971)  له‌ شارى سلێمانى ئاهه‌نگ سازده‌كه‌ن، دواتر ڕووده‌كه‌نه‌ شارى هه‌ولێر له‌ ( 13/11/1957) به‌هاوكاری هونه‌رمه‌ندان ( ڕه‌سوڵ گه‌ردی) ، (مشكۆ،1928_15/5/1989) و( حه‌یده‌ربه‌قاڵ، 1915_4/12/1979)  بۆماوه‌ی سێ ڕۆژ ئاهه‌نگ سازده‌كه‌ن ‌و پاشان تیپی مۆسیقای مه‌وله‌وی به‌ره‌و شاره‌كه‌ی حاجی قادری كۆیه‌‌ له‌رێكه‌وتی‌ (15/11/1957) جگه‌ له‌هونه‌رمه‌ندانی سلێمانی، له‌كۆیه‌ش هه‌ردوو هونه‌رمه‌ند( سێوه‌و باكووری) هاوكار ده‌بن له‌ئه‌نجامدانی ئاهه‌نگه‌كه‌، ئه‌و تیپه‌ دڵسۆزه‌ خه‌مخۆره‌ ئه‌و داهاته‌یان له‌ئاهه‌نگه‌كاندا ده‌ستكه‌وتووه‌ بۆ زيان لێكه‌وتووانى لافاوه‌كه‌ی شاری سلێمانی ته‌رخانكردووه‌.

5/ ئاهه‌نگی یانه‌ی فه‌رمانبه‌ران به‌بۆنه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی ( بارزانی نه‌مر  1903_1/3/1979) له‌ساڵی (1958).

6/ سازدانی ئاهه‌نگ به‌بۆنه‌ی جه‌ژنی كرێكارانه‌وه‌ له‌ (1/5/1959) به‌هاوكاری هه‌ردوو هونه‌رمه‌ندی ده‌نگخۆش ( حه‌مه‌ ساڵه‌ح دیلان و قادری حاجی حسێن).

7/  سازدانی ئاهه‌نگ له‌یانه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌ڵه‌بجه ‌ساڵی (1959) هونه‌رمه‌ند( ڕه‌ووف یه‌حیا 1924_1987) له‌گه‌ڵ چه‌ند هونه‌رمه‌ندێك نمایشی شانۆگه‌رییان پێشكه‌شكردووه‌ و شه‌وه‌كه‌ی هونه‌رمه‌ندانی تیپی مۆسیقای مه‌وله‌وی ئاهه‌نگیان بۆجه‌ماوه‌ری شاری هه‌ڵه‌بجه‌ سازكردووه‌.

8/ به‌بۆنه‌ی كردنه‌وه‌ی لقی وه‌زاره‌تی ئیرشاد له‌شاری سلێمانی له‌ ( 25/12/1960).

9/  له‌ساڵی (1961) چه‌ندین كارو چالاكی هونه‌رییان له‌ناوه‌و و ده‌ره‌وه‌ی سلێمانی ئه‌نجامداوه‌، تۆماركردنی چه‌ند سروودێك له‌ماڵی هونه‌رمه‌ند( حاته‌مه‌ ڕه‌ش) له‌گه‌ڕه‌كی قه‌زازه‌كان له‌سه‌ر داوای سه‌ركردایه‌تی شۆڕشی ئه‌یلوول، سرووده‌كان بریتی بوون له‌  (  سڵاو له‌پارتی دیموكراتی كورد،دایه‌گیان توخوا به‌سیه‌تی گریان، هه‌ردوو سروود له‌هۆنراوه‌ی ( نوری وه‌شتی ، 1935_2001) له‌ئاوازی هونه‌رمه‌ند ( نه‌جاتی عه‌بده‌) ، سروودی پێشمه‌رگه‌ین، جه‌ژنه‌ جه‌ژنی كوردستانه‌ جه‌ژنی نه‌ورۆزه‌)،بۆ زانیاری زیاتر ده‌رباره‌ی تۆماركردنی سروود له‌ماڵی هونه‌رمه‌ند حاته‌م سه‌عید، له‌وڕۆژگاره‌دا گه‌لێك دژواربووه‌، ئه‌وه‌ بوێرییه‌ بتوانی له‌ماڵی خۆتدا سروود بۆ ڕاگه‌یاندنی شۆڕش تۆماربكه‌یت و جیا له‌ژه‌نینی ئامێری زه‌ڕب كۆرسیش بیت، جارێكی دیكه‌ هانا ده‌به‌مه‌وه‌ به‌ر زانیارییه‌كانی هونه‌رمه‌ندی شمشاڵژه‌ن( نه‌جاتی عه‌بده‌) …دوای ده‌ستپێكردنی شۆڕشە مەزنەكەی گه‌لی كوردو دواتر ئه‌و سه‌ركه‌وتنانه‌ی له‌ هه‌موو بواره‌كاندا ئەو شۆڕشە به‌ ده‌ستیهێنا، ڕۆژێكیان نامه‌یه‌كم له‌لایه‌ن خوالێخۆشبوو (سه‌یداساڵح یوسفی 1918_25/6/1981)یه‌وه‌ بۆ هات، ئەویش بە دەستی خوالێخۆشبوو(ڕه‌فیق)ی برامه‌وه پێم گەیشت‌، كه‌ ئه‌و كات پێشمه‌رگه‌ بوو لە ناوچەی ئاوەكورتێ، له‌ نامه‌كه‌دا نووسرا بوو: برای به‌ڕێز كاك نەجاتی عەبدە دوای ئه‌وه‌ی توانیمان ئێستگه‌یه‌كی ڕادیۆیی په‌یدا بكه‌ین، ده‌مانه‌وێت دەسپێكی ئێستگه‌كه‌ به‌ چه‌ند سروودێكی تازه‌ بكه‌ینه‌وه‌، زۆرمان پێخۆش ده‌بێت كه‌ به‌ زووترین كات ئەو سروودانەمان پێ بگات.
منیش پێوه‌ندیم كرد به‌ به‌ڕێزان كاك (نوری وه‌شتی و جەلال عه‌زیز) و پێموتن كه‌ له‌ مه‌كته‌بی سیاسییه‌وه ‌نامه‌یه‌كی وام بۆ هاتووه‌، ئەدیب و نەتەوەپەروەری كورد (نوری وه‌شتی) بێ ڕاوه‌ستان وتی: من ده‌توانم هۆنراوه‌ت بده‌مێ و تۆ ئاوازی بۆ دابنێیت، پاشی سێ ڕۆژ، دوو هۆنراوه‌ی بۆ هێنام و وتی: فه‌رموو ئه‌وه‌تان، بزانم تۆ چی ده‌كه‌ی؟ كه‌ هۆنراوه‌كانم خوێنده‌وه‌، زۆرم به‌ دڵ بوون، چونكه‌ پڕ به‌ قاڵبی ئه‌و كاتی شۆڕشی ئەیلوولی مەزن بوون.
یه‌كه‌میان ده‌ڵێ:
(سڵاو له‌ پارتی دیموكراتی كورد
(ئه‌و پارته‌ی ئاڵای شۆڕشی هە‌ڵكرد) تاد.
دووه‌میشیان ده‌ڵێ:
(دایه‌ گیان توخوا به‌سیه‌تی گریان
به‌سه‌ ئاخ و ئۆف به‌سه‌ سینگ كوتان
وا كوردێك كوژرا من له‌ شوێنی ئه‌و

 شه‌رت بێ خه‌بات كه‌م چاوم نه‌چێته‌ خه‌و
تاكو ئه‌بینم به‌زینی دوژمن
كورد هه‌ڵ ئه‌كات ئاڵای سه‌ركه‌وتن)


دواتر ئاوازم بۆ هه‌ردووكیان دانا، واته‌ سروودەكە لە هۆنراوەی نوری وه‌شتی و لە ئاوازی خۆم بوو، ئینجا كه‌ رووبەڕووی گرفتی تۆماركردنی ده‌نگ و ڕێكخستنی كۆرس بووینەوە، حزب پێی ڕاگه‌یاندین كه بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆتان و حزب باشترە‌ كه‌مترین كه‌س به‌شداری ئه‌م كاره‌ بكات تا لە چاوی دوژمن پارێزراو بن، دوایی ماڵی كاك حاته‌م( حاته‌مه‌ ڕه‌ش)  هه‌ڵبژێردرا كه‌ تێیدا تۆماری بكه‌ین، ئیتر به‌ ئاماده‌بوونی چه‌ند ئه‌ندامێكی حزب لەوانە (جه‌لال عه‌زیز، فه‌ره‌یدون دارتاش، نەجات مه‌حوی، خۆم، حاته‌م سه‌عید) توانیمان پاش چه‌ند سه‌عاتێك سروودەكان تۆمار بكه‌ین و كاك نوری وه‌شتی خۆی تۆماری ده‌كرد، دوای ئه‌وه‌ی له‌به‌ر نەچوونه‌ ده‌ره‌وه‌ی ده‌نگ دیواری ئه‌و ژووره‌ بچكۆله‌یه‌ی ماڵی كاك حاته‌م هه‌مووی به‌ (به‌تانی‌ و لێفە) داپۆشی بوو، چونكه‌ ماڵەكەیان ‌له‌ گه‌ڕه‌كی (ئه‌سحابه‌سپی) ناوه‌ڕاستی شاری سلێمانیدا بوو، له‌ كۆتاییدا توانیمان به‌ جوانی وبە سەركەوتوویی تۆماری بكه‌ین و بۆ ڕۆژی دواتریش، له‌ ڕێگای ئه‌و برایه‌م كه‌ نامه‌كه‌ی هێنابوو ،ئێمه‌ش سرووده‌كانمان بۆ ره‌وانه‌ی ده‌ره‌وه‌ كردنه‌وه‌.
دوو ڕۆژ دواتر له‌ ئێستگه‌ی ده‌نگی كوردستانەوە، هەموو خه‌ڵكی كوردستان گوێی له‌و دوو سرووده‌ بوو، سەداو ده‌نگێكی زۆر گه‌وره‌و كاریگه‌ری له‌ناو جه‌ماوه‌ر و پێشمه‌رگه‌دا هه‌بوو، بوو به‌ شانازییەك بۆ خۆم و هاوڕێكانم كه‌ گوێمان لێده‌بوو، سه‌رمان پێی به‌رز ده‌بوویه‌وه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ هه‌تا ئێستا هیچ كام له‌و ئێستگانه‌ی بڵاوی ده‌كه‌نه‌وه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك باسی ئه‌وه‌ ناكه‌ن شاعیر و ئاوازدانه‌ره‌كه‌ی كێن..؟ و له‌ چ بارودۆخ وكاتێكدا دانراون‌ و بە چ زەحمەتی و چۆن چۆنی تۆمار كراوه‌). (٧)

دواتر هونه‌رمه‌ندانی تیپی مۆسیقای مه‌وله‌وی له‌ساڵی (1961) ئاهه‌نگێك له‌كۆمه‌ڵه‌ی هونه‌ره‌ جوانه‌كانی كورد له‌شاری كۆیه‌ به‌هاوكاری هونه‌رمه‌ند( سێوه‌)  سازده‌كه‌ن.  هه‌روه‌ها به‌بۆنه‌ی كردنه‌وه‌ی به‌نداوی ( ده‌ربه‌ندیخان) له‌(23/11/1961)  له‌ده‌ربه‌ندیخان.

 

10 به‌بۆنه‌ی جه‌ژنی نه‌ورۆزه‌وه‌ له‌ هۆڵی( خولد) له‌ڕێكه‌وتی (7/4/1963) له‌شاری به‌غدا ئاهه‌نگ سازده‌كه‌ن به‌هاوكاری هونه‌رمه‌ندانی گۆرانیبێژ  ، دیارترینیان هونه‌رمه‌ندی گه‌ل ( تایه‌ر تۆفیق). هونه‌رمه‌ند حاته‌م سه‌عید ، له‌ساڵی (1967) جارێكی دیكه‌ به‌شداربووه‌ له‌ئاهه‌نگێگی هونه‌رمه‌ند( حه‌سه‌ن زیره‌ك، له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌ك له‌هونه‌رمه‌ندان( ولیه‌م یوحه‌ننا، ئه‌نوه‌رقه‌ره‌داخی، نه‌جاتی عه‌بده‌ و عه‌باسی كه‌بابچی) له‌ماڵی ( شێخ ڕه‌ووفی سه‌یدعه‌لی سه‌یدقادر، ناسراو به‌شێخ ڕه‌ووفی پێڵاوفرۆش ) به‌ئامێری زه‌رب به‌شداریكردووه‌. (٨)

ئه‌و بۆنه‌و ئاهه‌نگانه‌ی ئاماژه‌م پێدا به‌شێكه‌ له‌كارو چالاكییه‌كانی تیپی مۆسیقای و مه‌وله‌وی و هونه‌رمه‌ند حاته‌مه‌ ڕه‌ش له‌سه‌ره‌تای دروستبوونی تیپی مۆسیقای مه‌وله‌وی. كه‌سایه‌تی هونه‌رمه‌ند حاته‌م سه‌عید ( حاته‌مه‌ڕه‌ش ). كه‌سێكی میهره‌بان و هه‌میشه‌ ده‌م به‌خه‌نده‌و قسه‌ خۆش و خۆش مه‌شره‌ب، خاوه‌نی دڵ و سینه‌یه‌كی ئاوه‌ڵا بۆ كه‌س و كار و خانه‌واده‌و ده‌وروبه‌ره‌كه‌یی و هاوڕێكانی ، كه‌سێك بووه‌ له‌هه‌ر كۆڕو كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا بوونی هه‌بووبێت به‌ سیما پڕ خه‌نده‌كه‌یی و قسه‌خۆشه‌كانی دڵ و هه‌ستی ئازیزانی هێناوه‌ته‌ جۆش و خرۆش و هه‌رده‌م شادی پێ به‌خشیوون، كه‌سێكی كورد په‌روه‌رو نیشتمان خۆشه‌ویست بووه‌، دڵسۆزو به‌ئه‌مه‌ك بووه‌ بۆ هونه‌ره‌كه‌ی. هونه‌رمه‌ند فه‌رمانبه‌ر بووه‌ له‌( دائیره‌ی كاره‌با)  وه‌ك كارمه‌ندێك ئه‌ركه‌كانی خۆی به‌جێهێناوه‌ تا ساڵی (1977) خانه‌نشین كراوه‌، له‌باری كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌ هونه‌رمه‌ند ژیانی هاوسه‌ری له‌كۆتایی ساڵی (1975)  له‌گه‌ڵ خاتوو ( تاڤگه‌ ڕه‌شید كه‌ریم ) پێكهێناوه‌، هه‌ردووكیان فه‌رمانبه‌ری دائیره‌ی كاره‌بای سلێمانی بوون، به‌روبوومی ئه‌و ژیانه‌ هاوبه‌شییه‌ په‌روه‌ردگار دوو كوڕی پێبه‌خشیوون  به‌ناوه‌كانی( ئه‌ندازیار ئه‌حمه‌د حاته‌م سه‌عید: كۆلیژی ئه‌ندازیاری فڕۆكه‌وانی)  له‌ئه‌ڵمانیا ته‌واو كردووه‌، ( دكتۆر دیار حاته‌م سه‌عید: پزیشكێكی سه‌ركه‌وتووه‌ له‌ بواری نه‌شته‌رگه‌ری دڵ) له‌ئه‌ڵمانیا ته‌واو كردووه‌، ته‌مه‌ندار و هه‌ردووكیان جێی شانازین. هونه‌رمه‌ند حاته‌م سه‌عید ( حاته‌مه‌ ڕه‌ش) دوای به‌سه‌ربردنی (75) ساڵ ته‌مه‌ن، به‌داخه‌وه‌ له‌ڕێكه‌وتی ( 7/1/2011) بۆهه‌میشه‌ چاوه‌كانی لێك ده‌نێ و ماڵئاوایی له‌ هاوسه‌ر و جگه‌رگۆشه‌و بنه‌ماڵه‌و ئازیزانی ده‌كات ، گرده‌ پیرۆزه‌كه‌ی سه‌یوانی سلێمانی ده‌بێته‌ دواهه‌واری هه‌میشه‌یی. دوای خۆی هونه‌رمه‌ند حاته‌مه‌ ڕه‌ش زۆر یاده‌وه‌ریی شیرینی له‌نێو دڵ و ده‌روونی ئازیزانی دا به‌جێهێشتووه‌ ، به‌ڵام یه‌كێك له‌دیارییه‌ به ‌به‌هاكانی ئامێری ئیقاعه‌كه‌یه‌تی ( زه‌ڕب) به‌رله‌وه‌ی كۆچی دوایی بكات ڕاده‌ستی هونه‌رمه‌ندێكی دڵسۆزو خه‌مخۆری كردووه‌ ، ئه‌ویش هونه‌رمه‌ند( جه‌زا كه‌ریم ، ناسراو به‌جه‌زای ساز) كاتێك زانی ده‌رباره‌ی ژیاننامه‌ی هونه‌رمه‌ند حاته‌م سه‌عید ده‌نووسم، به‌گێڕانه‌وه‌ی یاده‌وه‌رییه‌ك هاریكاری كردم ( ماوەیەک پێش کۆچی دوایی  هونه‌رمه‌ند حاته‌م سه‌عید سەردانی دوكانه‌كه‌ی کردم و پێی ووتم ئامانه‌تییه‌ك هەیە خوازیارە بیهێنێت بۆ من تا بیپارێزم، منیش به‌ڵێنم پێدائه‌و دیارییه‌ به‌نرخه‌ بپارێزین، كاك حاته‌م پێی ڕاگه‌یاندم کاتی خۆی ئەو ئیقاعەی بۆ هونه‌رمه‌ند حەسەن زیرەکیش بەکارهێناوە ،ئەوەبوو بۆ ڕۆژی دواتر بۆی هێنام ئامانه‌تییه‌كه‌ ‌ئەویش ئیقاعەکەی دەستی خۆی بووه‌ له‌درێژایی ته‌مه‌نی هونه‌ری، له ‌ناو جانتایەکی ڕەشدابوو، وەکوو سندووق لە تەختە دروست كرابوو ئیقاعه‌كه‌ش لە قوڕی سورەوە کراو دروست کراوەو زەخرەفەی لەسەرە،منیش پێم ڕاگەیاند هەتا من لەژیاندا بمێنم ئەیپارێزم ،پێشنیارم کردلە چایخانەکەی کاک (سه‌لاح) واتا چایخانەی مەڵکەندی لەناو وێنەکانی حەسەن زیرەکی نەمر ڕەفەیەکی بۆ دروست بکەین و بە جانتاکەوە لەوێ هەڵبواسرێت ،ئەوە بوو لەو کاتەوە هەتا ئەمڕۆ کە زیاتر لە حه‌ڤده‌ ساڵە ئەو ئیقاعە بەدیواری چایخانەکەوە وەکو گه‌له‌رییه‌كه‌ی وێنه‌كانی هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن زیرەکی نەمر وایە، ئیقاعەکە دیاری هونه‌رمه‌ند حاتەم سەعیدی نەمر بوو بۆ جەزای ساز لەوێ هەڵواسراوە) (٩) دواتر له‌ڕێگه‌ی خاتوو ( ناز نوری عارف) خوشكه‌زای هونه‌رمه‌ند حاته‌م سه‌عید، په‌یوه‌ندیم كرد به‌ خاتوو ( تاڤگه‌ ڕه‌شید كه‌ریم ) هاوسه‌ری هونه‌رمه‌ندی كۆچكردوو، وێڕای ده‌ستخۆشیی زۆر به‌عه‌شقێكی گه‌وره‌وه‌ له‌ كه‌سایه‌تی هاوسه‌ره‌كه‌ی ده‌ڕوانی و له‌یادكردنی گه‌لێك مه‌حاڵه‌ و شانازی ده‌كه‌م كه‌ هاوسه‌ری ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ خۆشه‌ویسته‌ بووم، پێی ڕاگه‌یاندم له‌شه‌شه‌مین ساڵیادی ژیانئاوایی هاوسه‌ره‌ هونه‌رمه‌نده‌كه‌ی واته‌ ( 7/1/2017) چه‌ند وشه‌یه‌كی نووسیوه‌ و وه‌ك گه‌ردانه‌یه‌ك كردوویه‌تیه‌ گه‌رده‌نی  حاته‌م سه‌عیدی هونه‌رمه‌ند( گه‌رچی دووری لێم ته‌نیات كردم ، ئه‌وه‌ شه‌ش‌ ساڵه‌ بێ تۆ ته‌نیا ئه‌ژیم له‌نیشتمانێك جێت هێشتم ، ته‌نها ئارامگا‌ و گڵكۆی تۆی ئازیز ته‌نیایی شكاندووم، بڕیار نه‌بوو من و تۆ دوور له‌یه‌ك بین ئازیزی من، تاكه‌ سه‌بووری من میوانداری ئارامگاكه‌ته‌، كه‌دێم به‌هێمنی ڕازی دڵم و باسی یادگارییه‌ خۆشه‌كانی ڕۆژانی ڕابردووت بۆده‌كه‌م ، ده‌زانم تۆ گوێت له‌ده‌نگی منه‌ و به‌ڵام قه‌ده‌ر وایه‌ تۆ بێده‌نگیت و نایه‌یته‌ وه‌ڵام …؟! به‌داخه‌وه‌م له‌زستانێكی ناخۆشیی پڕ ده‌رده‌سه‌ریی و سه‌ختدا منت جێهێشت! له‌ڕۆژی (7/1/2011) منت به‌ته‌نیایی سپارد، پاش ململانێیه‌كی ناخۆش له‌گه‌ڵ ئازاری سه‌ختی ژیاندا به‌ربه‌ركانێت كرد و دواسات ماڵئاوایت له‌من كرد، ماڵئاواییه‌كی یه‌كجاره‌كی..! به‌ڵام من ئه‌وه ‌ده‌زانم كه‌ تۆ خاوه‌نی دڵێكی زۆر گه‌وره‌و ڕووخۆش و مرۆڤێكی جوان بووی ، ئێستاش باسی ڕۆژانی خۆشیی و شادیت بۆ منداڵه‌كان ده‌گێڕمه‌وه‌، دڵنیابه‌ هیچ كات تۆمان له‌بیر نه‌كردووه‌ ، پرسیار له‌خۆم ده‌كه‌م و بیرده‌كه‌مه‌وه‌ شك نابه‌م ڕۆژێك دڵم له‌تۆ ئێشا بێت، گه‌ردنت ئازاد بێ جوانترین یاری دوور له‌ڕۆح و نیشتمانم، له‌وه‌ دڵنیابووم كه‌ باوكێكی دڵسۆز و هاوسه‌رێكی میهره‌بان و جوان بوویت،نموونه‌ی پیاوێك بووی هه‌میشه‌ له‌خه‌می من و منداڵه‌كان و نیشتمانه‌كه‌تدابوویت، كه‌سێكی دڵپاك و هه‌میشه‌ هه‌وڵت ده‌دا كه‌س دڵی له‌تۆ نه‌ئێشێت، (حاته‌م) بیری جوانی و ئازایه‌تی تۆ ده‌كه‌م، له‌سه‌خترین ڕۆژگاردا له‌گه‌ڵ هاوڕێ هونه‌رمه‌نده‌كانت هه‌میشه‌ سه‌رقاڵی سروودی نیشتمانی بوویت و بۆ نیشتمان سروودت تۆمارده‌كرد،كه‌م كه‌س وه‌ك تۆ ئازاو بوێر بوو له‌وسه‌رده‌مه‌ ئه‌وه‌ی تۆ ده‌تكرد كه‌س نه‌ی ده‌توانی بیكا و بیڵێت ..! ئه‌وه‌ بزانه‌ حاته‌مه‌كه‌م ئازیزم تۆ له‌بیرم نه‌چوویت و له‌بیرنه‌كراوی ئه‌مڕۆ شه‌ش ساڵ تێده‌په‌ڕێ به‌سه‌ر كۆچی دوایی ناوازه‌ی تۆ، ده‌ڵێم بیرت ده‌كه‌م ، گه‌ردنت ئازادبێ و جێگه‌ت به‌هه‌شتی په‌روه‌ردگار بێت. (١٠)

جه‌مالی ده‌لاك  ( 2/3/2024) هه‌ولێر.

  سه‌رچاوه‌:(1)به‌ڵگه‌ فیلم ( قادر دیلان) تۆماركردن

( سیروان ڕه‌حیم ) ساڵی (1994) ، به‌رهه‌می كه‌ناڵی ڕووداو (2023).

(2) تیپی مۆسیقای مه‌وله‌وی چۆن دامه‌زرا؟ ئاماده‌كردن: (سیروان محه‌مه‌د) به‌شی یه‌كه‌م ، گۆڤاری سلێمانی، ژماره‌ (40) تشرینی دووه‌م (2003) ، لاپه‌ڕه‌( 32).

(3)   چاوپێكه‌وتن له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندی گه‌وره‌ی كورد ( قادر دیلان) ، ئا : كاكه‌سوور /هۆڵه‌ندا ، گۆڤاى چلاواز _ ژماره‌ (21 و 22) كانوونى دووه‌مى 2008 لاپه‌ڕه‌ (28)

(4)   هونه‌رمه‌ند ( قادر دیلان) كتێبی گۆرانیبێژه‌ نه‌مره‌كان، به‌شی دووه‌م ، باكووری  ، لاپه‌ڕه‌ (114)  و (121).

( 5 و 7 )  دیدار له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند ( نه‌جاتی عه‌بده‌)  كوردانی یۆتۆبۆری/ سوید 16/1/2019، تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوك.

(6) ناسنامه‌ی ئه‌ندام بوونی هونه‌رمه‌ند له‌كۆمه‌ڵه‌ی هونه‌ره‌ جوانه‌كانی سلێمانی ، له‌ئه‌رشیفی به‌ڕێز ( شوانی عه‌بدولڕه‌حمانی خه‌فاف) خاوه‌نی تۆمارگای ئۆسكار، پارێزراوه‌ و وێنه‌یه‌كی بۆ ناردم.

(8) كتێبی ڕه‌هه‌نده‌كانی حه‌سه‌ن زیره‌ك، ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی ، ده‌نگ و سه‌دا، پێكهاتی گۆرانییه‌كانی ، نوسین و ئاماده‌كردنی هونه‌رمه‌ند عادل حه‌مه‌ كه‌ریم ، لاپه‌ڕه‌ (199).

(9) په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنی له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند جه‌زای ساز ، ناردنی ئه‌و یاده‌وه‌رییه‌ له‌ڕێگه‌ی ماسنجه‌ره‌وه‌ له‌( 27/2/2024).

(10) په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنی له‌ڕێی ( واتساپه‌وه‌)  له‌گه‌ڵ  خاتوو ( تاڤگه‌ ڕه‌شید كه‌ریم) هاوسه‌ری هونه‌رمه‌ندی كۆچكردوو ( حاته‌مه‌ ڕه‌ش) ‌ له‌( 26/2/2024) .

_ سوپاس و پێزانین بۆ هه‌ردوو خاتوونی به‌ڕێز  ( تاڤگه‌ خان) هاوسه‌ری هونه‌رمه‌ند  ، خاتوو (ناز نوری عارف)  خوشكه‌زای هونه‌رمه‌ندی كۆچكردوو  (حاته‌م سه‌عید) ، هاوكارم بوون .

 

 

 

بەشی بکە لە:
توانا حەمە

دامەزرێنەی دیجیتاڵ میدیای موزیکناس، ئێثنۆمیوزیکۆلۆجیست، نوسەر و موزسیان