نووسین و ئامادەکردنی: ڕێژوان تەها
هەڵکەوتەی ڕۆژئاوای کوردستان بە جۆرێکە کە کەمترین جیاوازی کولتووری هەیە لەگەڵ باکووری کوردستان، وەلێ لەکاتی بەشکردن و پارچەپارچەکردی کوردستاندا ئەوێ بەر سوریا کەوت. ڕاستە مێژووی کورد لە سووریادا گەلێک دێرینە و لە چەندین سەردەمی جیاوازدا فەرمانڕەوای تەواوی ئەو خاکە کوردبووە، بۆ نموونە لەسەردەمی دەسەڵاتی ئەیووبییەکاندا (١١٧١ – ١٢٦٠ز) و چەندانی دیکە. بەڵام سەپاندنی سووری بوون بەسەر ئەو بەشەی کوردستاندا لەپاش درووستکردنی دەوڵەت نەتەوەکان، گەلێک نەهامەتی و کوێرەوەری بۆ کوردانی ئەوێ لەگەڵ خۆیدا هێنا، تەنانەت ناسنامەی کوردبوونیان لەدەستدەدا و ئەسیمیلە دەبوون بۆ عەرەبێک و لە شارە عەرەبییەکانی سووریادا دەژیان و خزمەتیاندەکرد.
بەڵام لەپاش شۆڕشی سووریا لە ٢٠١١ و گۆڕانی باروودۆخی ناوچەکە، کوردانی ڕۆژئاوای ووڵات بوونە گەورەسوارانی مێژووی مرۆڤایەتی و چەندین داستانی نەبەردی و سەرکەوتنی گەورەیان لە جەنگی دژ بە تیرۆر، ژیاندنەوەی هونەر و فەلسەفە، کولتوورسازی و درووستکردنی خۆسەرییەکی کوردی و چەندین دەستکەوتی دیکە. بەڵام لەو سەردەمەی کە کوردانی ڕۆژئاوا لەوپەڕی لاوازی خۆیاندابوون لەژێر دەستی ڕژێمە یەک لەدوای یەکە عەرەبییەکانی سووریا و ناوچەکە، قامیشلۆ کوڕێکی خۆی هێنایە دونیا، کە بە پارچەکانی دیکەی کوردستان و دونیاشی گووت: کە بەڵێ ڕۆژئاوای ووڵات زیندووە و هێشتا هەناسەی کوردبوونی تێدادەدرێت. قامیشلۆ شارێکی ڕۆژئاوای کوردستانە، وەلێ بەشێکە لە شاری حەسەکەی سووریا، پاش درووستبوونی دەوڵەت نەتەوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، شارەکانی ڕۆژئاوا دابەشکران بەسەر چەند شارێکی دیکە لە سووریا وەک: ڕەققە، حەسەکە، حەلەب. ئێستە خۆسەری کوردی فەرمانڕەوایی بەشێکی زۆری ئەم ناوچانە دەکات؛ وەلێ تەنها کوردی لێنین و پێکهاتە و نەتەوەی دیکەشی لێن.
ڕۆژئاوای کوردستان – خۆبەڕێوبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا
محەمەد شێخمووس ئەحمەد، لەساڵی ١٩٤٨ لە گوندی (گرباوێ) لە نزیک (قامیشلۆ) چاوبەدونیا هەڵدێنێت؛ لە خێزانێکی هەژاری جوتیار لەدایکبوو ، شەش خوشک و پێنج برای هەبوو، ڕاستە هەژاربوون بەڵام شێخۆ دەروونێکی دەوڵەمەند و هۆشیاری هەبوو لە ئاواز و شیعر و کولتووری کوردیدا، لەکاتی کشتووکاڵ و کێڵاندا، هاوشێوەی باب و باپیرانی کە هەزاران ساڵە لەسەر ئەم خاکە بە ستران و ئاوازەوە کشتووکاڵیان دەکرد، بە شێخۆش بەوجۆرە کشتووکاڵی دەکرد و ڕۆحی هونەری خۆی بەوشێوەیە لەگەڵ خاک و ئاو و هەوای کوردستاندا گەشەپێدا. ئەم پەروەردەیە بەرهەمەکانی “ئای لێ گولێ، ئەمان دلۆ، دل پەریشانم، گەورێ، من بهەستی… و چەندانی دیکەی لە خۆیدا گەورەکرد و لەدایکبوون. لە گوندی (خەجۆکێ) دەچێتە بەرخوێندن و پاشان ڕوودەکاتە شاری قامیشلۆ بۆ خوێندنی ناوەندی. قامیشلۆ کە خەڵکی زیاتر ڕووی تێدەکەن، لە شارەکانی دیکەی سووریا و باکووری کوردستان، زیاتر گوێبیستی موزیک و ستران دەبێت لەلایەن هونەرمەندانەوە، ئیدی زیاتر خولیای فێربوونی موزیک دەکات و ژیانی لە قامیشلۆدا دەبێتە هەلێک بۆ زیاتر بەروپێشبردنی خۆی و هونەرەکەی. لەم قۆناغەدا تێکەڵ بە پارتی کۆمۆنیستی سووریا دەبێت، تا لەوێوە خزمەت بە کورد بکات و ئەم حیزبە بکاتە دارەدەستێت بۆ خزمەتی دۆزی ڕەوای گەلەکەی و دژ بە چەوساندنەوەکانی ڕژێم ببێتەوە، بەڵام کاتێک دەزانێت ناتوانێت لەگەڵیان ئەو کارە بکات و دوورن لەیەکەوە؛ هەرزوو پەیوەندییان لەگەڵ دەپچڕێنێت و لەگەڵیان نامێنێت. باوکی شێخۆ حەزی بە موزیک نەدەکرد، ئەو دەیگووت: “لە ئایینی ئیسلامدا ستران و موزیک حەرامن” ئیدی شێخۆش بە نهێنی و لەبەچاوی ئەودا خەریکی ژەنین و چڕین نەدەبوو. مامی ناوی حسێن بوو، ئامێری موزیکی درووستدەکرد، بەتایبەت “تەمبوورە” (هەڵبەت ئامێری تەمبوورە، ئامێری تەمیرە نییە کە لە ڕۆژهەڵات و بآشووری کوردستان لەلایەن یارسانییەکانەوە دەژەندرێت، جۆرێکی دیکەیە، خۆیان پێی دەڵێن: بزق. بزورق، یاخود تەمبووری بوزورق).
ئامێری تەمبووری بوزورق (بزق)
ئیدی شێخۆش کە ژەنین و کارەکانی مامی دەبینی، حەز بە ژەنینی ئەم ئامێرە دەکات، وە تا مردنی لە زۆرینەی کارەکانی خۆیدا، ئەم ئامێری دەژەنی و هەمیشە لەگەڵیدابوو. لەهەمووی گرنگتر تەواو هەستێکی کوردی دەدا بە ژەنین لەم ئامێرەدا، وە هەرگیز کاریگەری نەتەوە و گەلانی دیکە بەسەر هەست و تەکنیکی ژەنینیەوە نەبوو. شێخۆ بەهۆی باری ئابووری و ئازار و ئێشی چاوەکانی دەست لەخوێندن هەڵدەگرێت و بۆ گوندەکەی دەگەڕێتەوە و دەستدەکاتەوە بە کشتووکاڵ، تەنانەت کە ئەوەش دادی نادات، گوند بە گوندی کوردستان دەگەڕێت بۆ کار و پیشەیەک بژێوی ژیانی پێدابینبکات. لەساڵی ١٩٦٥ بەهۆی نەخۆشی چاوەوە، چاوەکانی تێکدەچن و کێشەیان بۆدرووستدەبێت، بۆیەش زۆرینەی وێنەکانی بە چاویلکەوەن. شێخۆ لەساڵی ١٩٦٩-١٩٧٠ ڕوودەکاتە باکووری کوردستان و پاشان دێتەوە و دەچێتە (بەیرووت)ی پایتەختی (لوبنان)، بۆ فێربوونی زیاتری موزیک و ستران و پەرەدان بەتواناکانی؛ لەوێ لەگەڵ هونەرمەندان (مەحمود عەزیز شاکر و سەعید یوسف و محەمەد تەیب تاهیر) دەبێتە هاوڕێ و لەگەڵیان کاری هونەری دەکات. پێکەوە بایەخ بە ئاواز و موزیکی فۆلکلۆری کوردی دەدەن و خزمەت دەکەن. شێخۆ هەم ژەنیارێکی بەتوانا، دەنگخۆشێکی بلیمەت و شارەزاشبوو لە شیعر و ئەدەبیاتی کوردی.
ئیدی بەهرە و تواناکانی ئاسان جێیان دەکردەوە لەهەر گرووپ و دەزگایەکی هونەری و موزیکی؛ تەنانەت لە بەیرووت ناوبانگی لای هونەرمەندانی عەرەب بڵاودەبێتەوە و دەخوازن شێخۆ لەگەڵیان کاربکات و سوود لە توانا و هونەرەکەی وەربگرن. شێخۆ و مامۆستایان مەحمود عەزیز و سەعید یوسف تیپی نەورۆزیان پێکەوە درووستکرد. لەو سەردەمەدا گرووپی (کۆما سەرکەفتن، کۆما نەورۆز، کۆما گولستان) لە بەیرووت هەبوون. ئیدی شێخۆ لە ڕادیۆی بەیرووت دەستەکات بە بڵاوکردنەوەی ستران و کارەکانی، هەل و کەشێکی باشدەبێت بۆی.
مانەوەی شێخۆ لە بەیرووت گەلێ دەرگای بەرەوڕووکردەوە و بووبە ئەندامی یەکێتی هونەرمەندانی بەیرووت و تەنانەت چاوی بەزۆرێک لە هونەرمەندانی ناسراوی لوبنان کەوت لەوانە (فەیروز، ناسڕ شەمسەدین، وەدیع ئەلسافی، سەمیرە تۆفیق..). کاتێک شۆڕشی ئەیلوول لە باشووری کوردستان دەستپێدەکات، هونەرمەندانی کورد لە بەیرووت و لوبنان بە چالاکی و کاری هونەری پاڵپشتی ئەم شؤڕشە دەکەن و دڵخۆشی خۆیان لە چەندین بۆنە و چالاکیدا بۆ ئەم بابەتە دەردەبڕن. پاشان شێخۆ دێتە باشووری کوردستان و پەیوەندی بە شۆڕشەوە دەکات و دەبێتە پێشمەرگە و چەک هەڵدەگرێت. ئەمەش چارەنووسی زۆرێک لە هونەرمەندانی کوردبوو، کە بەدەستێک ئامێرە موزیکییەکەیان و بەدەستێکی دی چەکیان هەڵدەگرت، بۆ پاراستنی کولتوور و خاک و ووڵات. پاش نسکۆی شۆڕش، ڕوودەکاتە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لەشاری (مەهاباد) نیشتەجێدەبێت و لەوێ وانە دەڵێتەوە لە قوتابخانەیەکی ئایینی. بەهۆی هەڵوێست و سترانەکانی بۆ کورد، حکومەتی ئێرانیش چاوی لەسەرییەتی و ڕێگەنادا ئارامبگرێت و بحەوێتەوە، ئاخر لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە چەندین کاری تایبەت و جیاوازی بۆ مەهاباد و شۆڕش و کوێرەوەرییەکانی ڕۆژهەڵاتی ووڵات بە کرمانجی درووستکرد و بڵاویکردنەوە. “ژ مەهابادێ، د زیندانێ دا، خەم و خەیالێن تە ئەز ڕەڤاندم، ئەی فەلەک و بێزارم، تۆمار دەکات. لە ساڵی ١٩٧٧ لەگەڵ قوتابییەکی بەناوی (نەسرین حوسێن مەلەکی) لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هاوسەرگیری دەکات و دەبنە دایک و باوکی ٤ منداڵ بەناوەکانی (بێکەس، فەلەک، ئیبراهیم، برووسک).
لە ساڵی ١٩٧٨دا کاسێتێک بەناوی “مەهاباد کانیا خوینا شەهیدان و لە ساڵی ١٩٨١دا کاسێتێکی تر بەناوی “گاڤا ئەز مرم” بڵاو دەکاتەوە.” شێخۆ هەرچوارپارچەی کوردستانی بینی و دەرکەوتەکانی کولتووری باب و باپیرانی لە بەشەجیاوازەکانی کوردستاندا بەرچاوکەوت و گوێبیستییان بوو.
شێخۆ دەچێتە بەغداد و لەڕادیۆی بەغدادیش چەند کار و بەرهەمێکی خۆی تۆماردەکات و بڵاودەکاتەوە؛ بەهۆی ئەو ڕادیۆیەوە شێخۆ چاوی بەزۆر هونەرمەندی دیاری کورد دەکەوێت و پەیوەندییان لەگەڵ درووستەکات، لەوانە: عیسا بەرواری، شەماڵ سائیب، بەشار زاخۆیی، تەحسین تەها، محەمەد عارف جەزیری، گوڵبەهار… بوون.
ئەو لەهەرجێیەک بووایە، کەشێکی لەو شوێنە درووستەکرد بۆ درووستکردن و تۆمارکردنی بەرهەمی هونەری، ئەگەر لە کوردستانیش نەبووایە، ڕۆحی ئەو تەژیبوو لە ئاواز و شیعری کوردی و لەم هونەرمەندەدا ئەم کولتوورە بەدەردەکەوت و تەجەللا دەبوو. شێخۆ دەگەڕێتەوە سووریا، بەهۆی هەڵوێست و بیروبۆچوونەکانی لەسەر کورد و کوردستان، لەلایەن ڕژێمی سووریاوە تەنگی پێهەڵدەچنرێت و ڕێگری لێدەکەن لە کار و چالاکییە هونەرییەکانی. شێخۆ هونەرمەندێکی شؤڕشگێڕ و بەئاگابوو، ئەو وەکچۆن لە هونەرەکەیدا ڕۆحی کوردبوون و کوردەواری باڵادەستبوون، لە گوفتار و کرداریشیدا هەمانجۆربوو؛ شێخۆ ڕەتیدەکردەوە لە بۆنە و چالاکییە حکومییەکانی سووریادا بەشداریبکات و ئەگەر بە بچوکترین شێوەش بووە خزمەت بە ڕژێمی داگیرکەربکات و بچێتە ژێر چەتری ئارامی، وەلێ پڕ لەسەرشۆڕی نەیارانی کوردستانەوە. شێخۆ یەکێکبوو لەو هونەرمەندانەی هەر چوارپارچەی کوردستانی بینی و لە نزیکەوە ئاگاداری کوردانی شار و شارۆچکەجیاوازەکانی کوردستانبوو؛ ئەمەش وایکرد باشتر و قووڵتر لە کوردبوون بگات و لەلایەنە جیاوازکانی کولتووری کوردی ڕۆبچێت.
ئاخر ئاسان نییە، مرۆڤ لە سەدەی ٢٠ و ٢١ ئاوازدابنێت، کەچی هەستی فۆلکلۆر بە گوێگر ببەخشێت و هەرکوردێک گوێی لێبگرێت ڕاستەوخۆ ئاوێتەبێت لەگەڵی و ڕۆحی تێکەڵ بەو ئاواز و سەدایەببێت. شیخۆ دەنگخۆش، ژەنیارێکی بەتوانا، ڕۆشنبیر و نیشتیمانپەروەربوو؛ بەڵام بە کار و بەرهەم و چالاکییەکانی دیارە کە ئاگاییەکی فراوان و قووڵی هەبووە و ئەم توانا و لێهاتووییەی بەباشی و شارەزایانە ئاراستەکردووە لە هونەرەکەیدا.
یەکێک لەو هۆکارانەی ٪٩٠ی کارە هونەرییەکانی ئەمڕۆ نامێننەوە و کورت مەودان؛ بێئاگایی هونەرمەندەکان ئەم بابەتەی درووستکردووە. لەڕاستیدا کەسێک کە دەستدەکات بە سترانچڕین، موزیکژەنین.. پێویستە بە تەواوی ئاگاداری مێژووی نەتەوەکەی و کولتوور و موزیکی ڕەسەنی کوردی ببێت، تاوەکو بتوانێت لەگەڵ دەنگە خۆش و ژەنینە جوانەکەی، کارێکی نەمر و زیندوو و پڕلەهەستی وەک کارەکانی (تیگران، زیرەک، شێخۆ، شڤان پەروەر، ناسڕی ڕەزازی، عەدنان کەریم، قادری سیاحی…) بکات.
کاری ئەم هونەرمەندانە بەستراون بە ڕەگی پتەو و قووڵی هونەر و کولتوورێکی چەند هەزارساڵی، کە لەناوناچێت و لەناو ڕۆحی نەتەوەیی کورددا دەمێننەوە بۆ هەمیشە.
وەلێ کارێک کە بە هەست و موزیکی نەتەوەیەکی دیکەوە بەسترابێتەوە، کە درووستکراون و میللی و ڕەسەن نین، بێگومان لەناودەچێت و بەرگەی چەند هەفتە، یاخود چەند مانگێک دەگرن لە سۆشیال میدیادا و نامێنن لە هەست و دەروونی گوێگراندا.
هەربۆیە هونەرمەندبوون ئاسان نییە، تەنها دەنگێکی خۆش، یاخود ژەنینێکی باش بەس نین! بەڵکوو قوڵبوونەوە و درککردنی کولتوور و مێژوو و ئەدەبیات، هەست و ڕۆحییەت و تەکنیکی هونەرمەند گەلێ باڵاپێدەکات و دەیکاتە هونەرمەندێک کە هەم هاوزمانانی خۆی، هەم هەر مرۆڤێک لە هەرکوێیەکی دونیابێت، سەرنجی بچێتە سەرکارەکەی و تێکەڵ بە ڕۆحی ببێت.
وە هەم توانای ئەوەی دەداتێ کە بتوانێت بەشێوەیەکی زانستی و درووست لەسەر بەرهەمەکانی بدوێت، چوونکە دەزانێت چیکردووە و چۆن کارەکەی هاتووەتە بەرهەم.
وە هەم هەستی خودڕەخنەیی و تێگەیشتنێکی باشی دەبێت بۆ کاری ئایندەی و جوانترکردنی کارەکانی و داهێنان و نوێگەری.
شێخۆ هونەرمەندێکی لەو شێوەیەبوو، بۆیەش هەتا کوردێک مابێت کارەکانی لە هەست و ویژدانی گەلی کورددا دەمێننەوە. شێخۆ ساڵی ١٩٨٣ دەگەڕێتەوە ڕۆژئاوای کوردستان و لەوێ دەستدەکات بە وانەووتنەوەی موزیک و چەندین کار و چالاکی جۆراوجۆری پێشکەشکرد و خزمەتەکانی لەوێ درێژەپێدا؛ تەنانەت لەساڵی ١٩٧٨ تۆمارگەیەک بەناوی “فەلەک”دەکاتەوە، بەڵام حکوومەت دەستی بەسەردا دەگرێت و دایدەخات.
سەرەڕای ئەوەی حکوومەتی سووریا زۆرترین ئاستەنگ و بەربەستی خستە سەرڕێی ئەم هونەرمەندە بەتوانا و بەهرەمەندە، وەلێ ئەو تادەهات بە گڕوتین و عیشقی زیاترەوە هونەری دەکرد و سەدان کاری ئاستبەرز و شاکاری جوانی لەدوای خۆی بۆ بەجێهێشتین؛ کە کارە تۆمارکراوەکانی زیاتر لە ١٠٠ سترانن لە ١٤ کاسێتدا.
شێخۆ لە ٩/٣/١٩٨٩ دڵەگەورە و پڕلەهەستەکەی لەلێدان دەکەوێت و لە قامیشلۆی کوردان کۆچی دوایی دەکات.
دەگووترێت زیاتر لە ٧٠،٠٠٠کەس هاتن و ئامادەی ڕێوڕەسمی ناشتنی ئەم کەڵەهونەرمەندەبوون.
ئێستەش پتر لە چل ملیۆن کورد ڕۆژانە هەستەکانیان تێکەڵ بە کار و سترانەکانی شێخۆ دەکەنەوە و هونەرمەندان ڕێگەی ئەودەگرن و کارەکانی زیندوودەکەنەوە.
یادت هەرمان و ناوت هەمیشە لە دڵی قامیشلۆ و کوردستاندا بە زیندوویی دەمێنێتەوە.