" type="text/css" > Skip to main content

توانا حەمە

پێشەکی

چەمکی ئەوانی دی چەمکێکی فرەڕەهەندە و پەیوەندیی بە زۆر لایەنی زانستە مرۆڤایەتییەکانی وەک ئەنترۆپۆلۆجی، کۆمەڵناسی، ڕامیاری، فەلسەفە و تا دوایی هەیە. بە هۆکاری ئەوەی پەیوەندیی تەواوی

بەم زانستانەوە هەیە، هەر بۆیە ئەم چەمکە وەک یەکێک لە چەمک و باسە گرنگەکان لە ناو موزیکی گەلاندا، جێی باس و خواسی زۆرێک لە لێکۆلەرەوانی موزیکناسی Musicology بووە. دواجار هەر نەتەوەیەک لە ڕوانگەی خۆیەوە، خوێندنەوەی بۆ ئەم چەمکە کردووە. بۆیە بە پێویستی دەزانم ئەم باسە وەک ئەزموونێکی نوێ و شیکاری لە ناو موزیکی کوردیدا بخەمە ڕوو، گەرچی بە داخەوە بە هۆی نەبوونی کادر و پسپۆڕی موزیکۆلۆجی، تا ئیستا فەرهەنگی موزیکی کوردی خۆی لە باسکردنی ئەم چەمکە گرنگانە نەداوە، تا بتوانرێت قووڵتر لەم باسە گرنگە بکۆڵمەوە و شیکاری بۆ ڕەهەندە جیاوازەکانی موزیکی کوردی بکە، بەڵام بە پێویستی دەزانم وەک دەلاقەیەک بۆ ئەم باسە گرنگانە، بە کورتە باسێک تیشک بخەمە سەر ئەم چەمکە گرنگە، بە ئومێدی ئەوەی لە ئاییندەدا تویژینەوەی چڕ پڕتری بۆ بکرێت.

چەمکی ئەوانی دی

ئەوانی دی، واتەکەی بە کوردی زۆر ڕوونە، بە زمانی ئینگلیزی The Other ی پێ دەگوترێ؛ مەبەست لە ئەوانی دی بە پێی بابەتەکان دەگوڕێت، بۆیە لە موزیکدا مەبەست لە ئەوانی دی هەموو ئەو بابەتە موزیکییانەی کە دەچێتە فۆڕمی موزیکی بێگانەوە، کە وەک فەرهەنگێکی نامۆ، ئاشنانەبوونی شێوازی دانان، هۆکارە هەستییەکان لە شێوازی دەربڕین و زۆر لایەنی دیکەی نەبێت. ئەوەش بە هۆکاری ئەوەی کە پەیوەست نییە بە کلتووری موزیکی تۆ یان ئێوە و زادەی بیر و ژیاری کۆمەڵەیەک یان نەتەوەیەکی ترە و ئەوان بە توندی وابەستەن پێیەوە. بەڵام کاتێ باسی ئەم چەمکە دەکرێت، پێویستە ئاماژە بە ڕەگ و ڕیشەی ئەم زاراوەیە بکرێت، کە بۆ فەیلەسووفانی یۆنان، بەتایبەت ئەرستۆ لە بەشی نۆیەمی کتێبی پێنجەمی میتافیزیکدا، بۆ دەگەڕیتەوە ئەم باسگەلە دەوروژێنێت و دەڵێت: “بە شێوەیەکی گشتی ئەوانی دی مانای جیاوازی و لێکچوونەکانی ئێمەیە.” هەر بۆیە لێرەدا باشترین پێناسە ئەوەیە بۆ ئەوەی خودی خۆت بناسی، پێویستت بە ناسینی ئەوانی دیکەیە. مەبەست لێرەدا ئەوەیە ئایا بوونی خود ب بێ ئەوانی دی مانایەکی هەیە؟ لە ڕاستیدا نەخێر، چونکە هەر کەسێک بە شێوەی واقعی یان خەیاڵی هەمیشە بە شێوەیەکی خۆڕسک ئەو لە وانی دی جیا دەکاتەوە. هەمیشە شوناسی خود یان ئەو وابەستەی ئەوانی دیکە دەکات. هەر بۆیە دواجار دەبینرێت ئەم چەمکە ڕەنگدانەوەی لەسەر شێوازی پەیوەندییەکان و هەڵکردن و بەردەوامی دان بە پێکەو بوونی مرۆڤەکان دەبێت، تا بە تەواوی دەگاتە سەرجەم کایەکانی وەک ئایینی، نەژادی، نەتەوەیی، چینایەتی و بابەتە فەرهەنگییەکانی دی. دواتر ئەم چەمکە لای هیگڵ، هایدگر، سارتەر و تا دوایی بە ڕوونتر و لە دیگا و ڕەهەندی جیاوازەوە باسی لێ وەدەکرێت. بروانە [ئەحمەدی، 1389 : 155 ].

بەڵام هەمان چەمک ئەگەر لە تیڕوانینێکی مرۆڤناسیەوە لێی بڕوانرێت، ئەوا هەمیشە چەمکی ئەوانی دی پێویستی بە چەمکی خود دەبێت. بەڵام هەمیشە لایەنی ئەرێنی و باشەکە دەلکێنرێت بە چەمکی خود یان ئێمەوە، لایەنە نەرێنی و خراپەکانیش دەدرێتە پاڵ ئەوانی دی، بەڵام ئەم تێڕوانینە لە موزیکدا بەم شێوە توندە بەرچاو ناکەوێت، زیاتر گەڕانە بەدوای شوناسی موزیکی خۆدا لە چاو موزیکی ئەوانی دیدا، گەرچی لە هەندێک شاکاری موزیکدا ئەوانی دی وەک لۆبیک یا گاڵتەجار یان دڕەندە بەکار هاتووە، بەڵام ئەم کارانە زادەی سەردەمانێکن کاریگەریی ئەفسانە Myth بە سەر تاکەکانی کیشوەری ئەورووپاوە هەبووە. ئەگەرچی لە سەردەمی ڕینیسانسدا موزیکی بێگانە هێندە بەرباس و جێی بایەخی ئاوازدانەران نەبووە، بەڵام دواتر لە سەدەکانی هەژدە و نۆزدە، بە هۆی سەرهەڵدانی سیاسەتی داگیرکاری Colonialism لە ئەورووپادا و زیادبوونی ڕیژەی لێکۆڵینەوەی مرۆڤناسی Anthropology و کۆمەڵناسی sociology، بە تایبەت دەربارەی نەتەوە نائەورووپییەکانی وەک چینییەکان، هندییەکان، سوورپێستەکانی ئەمریکای باشوور، ڕۆژهەڵات یەکان و تا دوایی. هەروەگا ناسینی فەرهەنگی بێگانە بووە جێی بایەخ لە سەرجەم بابەتە هونەری ئەدەبی کلتوورییەکاندا و سوودیان لێ وەردەگیرا و دواجار لە ناو بەرهەمە هونەرییەکاندا ڕەنگی دەدایەوە. بە نموونە کاتێک ژان فیلپ ڕامۆ لە ئۆپێرای سوورپێستانی عاشق لە ساڵی ١٧٣٥دا کە کەسایەتیەکانی ناو ئۆپراکە بریتی بوون لە تورک، ئێرانی، سوورپیستانی ئەمریکای باشوور، ئەم ئۆپیرایە زۆر سەرکەوتوو دەبێت و دوای چڵ ساڵ لە دانانی ئەم شاکارە لە ماوەیەکی کورتدا زیاتر دووسەد جار لە ناو شانۆ جیاکانی پاریسدا نماییش کراوەتەوە. یەکێک لە هۆکارە گرنگەکانی سەرکەوتنی ڕامۆ بەکارهێنانی سەمای سوورپیستان بوو، کە بۆ گوێگرانی و بینەرانی هونەری ئۆپیرای ئەورووپی شتێکی نوێ و ڕەنگێکی تازە و جیاواز بوو. دواجار هەر ئەم جیاوازیی ڕەنگە دەبێتە ناسنامەیەک بۆ ئەورووپا تا لە ڕێگەی ئەوان دییەوە خۆی بناسێت و شوناسێک بۆ خۆی دابنێت. دو بەدوای ئەمە لە کۆتای سەدەی هەژدەیەدا دەبینرێت لە ئەورووپادا موزیکی تورکی دەبێتە جێی بایەخی ئەورووپییەکان و لە سەدەی نۆزدەشدا بە هۆی زیادبوونی ئارەزووکردنی گەشتکردنی هونەرمەندان بۆ وڵاتانی هیندستان، ژاپۆن، چین، ئەفریقیا و ئەمریکا، کاریگەریی ئەم گەشتانە جگە لە موزیک لە ناو شاکارە هونەرییە شێوەکارییەکانیشدا دەبینرا. دواجار ئەوە بە ڕوونی دەبینرێت هونەرمەدانی ئەورووپا چۆن توانیویانە سوود لە موزیکی بێگانە وەردەگرن. هەر بۆیە لە ڕەشپێستانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە سیمفۆنی ژمارە نۆی دڤورجاک لە ساڵی 1893 و موزیکی میسڕ و باکووری ئەفریقا لە ئۆپێرای ئایدالە ساڵی 1871 و شاکاری ڤێردی و ڕاوچیانی مرواریی جۆرج بیزێ لە ساڵی 1863 بە تەواوەتی هەردوو چەمکی ئێمە و ئەوانی دی، خۆی لە ناو موزیکی ئەورووپیدا نماییش دەکات. لەمە بەدواوە زۆر ناونیشانی وەک ژنی ڕۆژهەڵاتی، یەهوودی، قەرجانە دەدوا و تا دوایی لە ناو ئۆپێرا و شاکارە موزیکییەکان بەرچاو دەکەوێت. هەر لە سەدەی نۆزدەدا بە هۆکاری ئەم چەمکە موزیکی کەمەنەتەوایەتییەکانی جیهان بە تەواوەتی خۆی خزاندە ناو موزیکی کلاسیک و بە شێوەیەکی فەڕمی جێی خۆی کردەوە. کە ئەوانیش بریتی بوون لە راپسۆدی، مارش، گۆرانیی میللی و گۆرانیی گوندنشینان، کە لە ناو کارە موزیک یەکانی وەک شۆپان، شۆبیرت، برامس، لیست، دڤورجاک، زوڵتان کۆدای، شۆستاکۆفیچ و تا دوایی دەبینرێت [هەمان]. بە تایبەتی لای دانەرانی ڕووس موزیکی ڕۆژهەڵاتی و بەتایبەت عەرەبی زیاتر بەرچاو دەکەوێت، دیارترین نموونە شەهرەزادی شۆستاکۆفیج و بازاڕی عەرەبیی فیکرەت ئەمیرۆڤ، کە یەکێکن لە شاکارە دیارەکان بۆ ئەم باسە. ئەم کۆمەڵەکارەی کە ئاماژەی پێ درا، چەند نموونەیەکی بچووکن، لە ڕاستیدا سەدان نموونەی دی هەن، کە تا ئێستاش بە فۆڕمی جیا ئەم چەمکە خۆی تێدا نماییش دەکاتەوە. گەرچی لە ئێستادا جیهانگیری ڕۆڵی کارای هەیە لە سەر ئەم چەمکە، زۆر هەوڵ دەدرێت موزیکیش شکڵیکی جیهانی وەربگرێت، بەڵام بە بڕوای من ئەمە جۆرێکی دیکەیە لە تەوژمی داگیرکاریی ڕۆژئاوا، هەمیشە ئەوە باش و گونجاوە کە لە ئەورووپا و ڕۆژئاواوە سەر هەڵدەدات، هەمیشە ئەو موزیکە جیهانیە کە لە ڕۆژئاواوە سەر هەڵدەدات، هەر گیز موزیکێکی ڕۆژهەڵاتی نابێتە موزیکێکی جیهانی. لێرەدا تا ڕادەیەک هاوڕام لەگەڵ بەشێک لە بڕواکانی ئیدوار سەعید، کە بە ڕەگەز فەڵەستینییە، لە ساڵانی ڕابردوودا باسگەل و چەند تیۆرێکی وروژاند لە سەر جیهانگەرایی، کە جەوهەری باسەکەی ئەو پرسیارگەلە بوو کە بۆچی جیهانگەرایی تەنیا لە ئەورووپاوە بۆ ڕۆژهەڵات دێت و هەرگیز پێچەوانە نابێتەوە. گەرچی باسەکە زۆر بە چڕی لە پێشەکییەکەدا لە مێژووی ئەم چەمکەوە پێیدا هاتووم، تەنیا بە هۆکاری ئەوە بووە لێرە بەدواوە خوێنەری کورد، زیاتر و وردتر ئەم چەمکە لە بیری خۆیدا شرۆڤە بکات و دواتر بە سانایی هەست بە سەدان نموونەی دیکە بکات.

ئەوانی دی کێن لە موزیکی کوردیدا؟

لێرە بەدوا گرنگترین پرسیارەکان ئەوەن کە ئایا موزیکی کوردی لە کوێی هاوکێشەی ئەم چەمکەدایە؟ ئەوانی دی لە موزیکی کوردیدا کێن؟ ئایا ئەم چەمکە چ ڕۆڵیکی ئەرێنی یا نەرێنیی بینیوە؟ ئایا ئیدی موزیکی کوردی دەتوانێت لە ڕێگەی موزیکی ئەوانی دییەوە ناسنامەی موزیکی خۆی بناسێتەوە؟ بە بڕوای من ئەم چەمکە لە موزیکی کوردیدا زۆر بە ڕوونی خۆی نماییش دەکات، ئەوانی دی لە موزیکی کوردیدا تەنیا ڕۆژئاوا و ئەورووپا نییە، بەڵکو بریتین لە نەتەوەکانی دراوسێ (فارس، ڕەگەزی تورک (تورکیا، تورکمانستان و ئازەربایجان(، ئەرمەن، عەرەب)، کە زیاتر ئەم کارەکتەری ئەم چەمکە لە سەر شانۆی ئەم باسە دەبینرێت. ئەگەر بە وردی لە موزیکی کوردی بکۆڵیتەوە، گەرچی نزیکیی تەواو هەیە لە شێوازی ستراکچەری موزیکی نەتەوەکانی دراوسیدا، بەڵام سیماکانی موزیکی کوردی بە تەواوەتی مۆرکی تایبەتی خۆی هەیە، بە تایبەت لە ڕیتمی هەڵپەرکێ، مۆتیڤی گۆرانییەکان، ڕستە موزیکییەکان و شێوازی بەکارهێنانی کۆماکان لەسەر ئامێرەکان بە ڕوونی دەبینرێن. بەڵام ئەوەی جێی تێڕامانە و بووەتە گرێیەک لە موزیکی کوردی، ئەوەیە تا ئێستا موزیکی کوردی شێوەیەکی زارەکییە و کەمترین دانراوی دانەری ئەکادیمی و زانستی هەیە، بۆیە موزیکی کوردی نەیتوانیوە سوود لە موزیکی ئەوانی دی وەربگرێت تا شوناسی خۆی خۆی تێدا بدۆزێتەوە. زۆر جار لە موزیسیانی کورد لە جێی بەکارهێنان و سوو وەرگرتن لە موزیکی نەتەوەیەکی دی ،ڕووی کردووەتە کۆپیکردن و بەکورد کردن، بەبێ ئاماژەپێدان کە ئەم ئاوازە لە چ نەتەوەیەک وەرگرتووە. بۆیە لێرەدا بۆ دۆزینەوە و پێناسەکردنی ناسنامە Identity ی موزیکی کورد بۆ ئەو کەسانەی دەیانەوێت لێکۆڵینەوە لە ناسنامەی نەتەوەیی موزیکی کوردی بکەن، بۆیان زۆر سەخت و دژوار دەبێت. بە بڕوای من بە هۆکاری ئەوەی کە گەلی کورد بەسەر چوار نەتەوەی دراوسێدا دابەش کراوە، خاوەنی کیان و قەوارەی دەوڵەت و سیاسیی خۆی نەبووە، هەمیشە لە ئەو وڵاتەنەی کە زەبر و زەنگ لە سەر تاکی کورد زۆر بووە، هەستی ناسیونالستیی کوردی تیایاندا بەهێز بووە و بە ئاشکرا ڕۆحی بەرەنگاری لە سەرجەم بوارەکاندا دەبینرێت، کە ئەویش لەپێناو مانەوە و خۆپارێزی و کلتوورپارێزی بووە. دواجار بە هەموو هێزێکیەوە دژایەتیی هەموو ئەو هێرشە کلتووریانە بووەتەوە کە ویستوویانە ناسنامەی کلتووری کوردی بشێوێنن. بۆیە بە بڕوای من چەمکی ئەوانی دی لە موزیکی کوردیدا بەرامبەر موزیکی گەلانی دراوسێ، ب تایبەت ئەو نەتەوانەی کە هەمیشە هەوڵی سڕینەوەی نەتەوەی کوردیان داوە، بەردەوام بە چاوێکی ناسیونالستی لێی دەڕوانرێت و بەرهەڵستی کردووە. بۆیە لە گوتاری گەلی کورددا هەمیشە ئەوە دەبینرێت، کە ویستویەتی بڵێت ‘من کێ نیم’، وەک لەوەی زیاتر بڵێت ‘من کێم’. هەر بۆیە ئەم تێڕوانیە لە گوتاری ئەدەبیاتی کوردیدا ڕەنگی داوەتەوە، بۆ نموونە لە تێکستێکی سەدەی ڕابردوو شاعیر و ڕۆشنبیری کورد ئیبراهیم ئەحمەد لە بەشێکیدا دەڵێت:

”نەعەربم، نە ئێرانیم

نە تورکێکی شاخستانیم؛

نەک هەر من خۆم، مێژووش ئەڵێ

کە کوردم و کوردستانیم”

ئەم تێکستە لە ساڵانی ڕابردوو لە لایەن شاناز ئیبراهیم ئەحەمەدەوە ئاوازی بۆ دانراوە و لە لایەن د. عەبدولڵا جەمال سەگرمەوە کاری موزیکی بۆ کراوە. لێرەدا دەبینرێت ئەم چەمکە لە گوتارێکی
ناسیونالستیی ئەدەبیاتەوە بۆ ناو موزیکی کوردی هەنگاو دەنێت و دەیەوێت لە ڕێگەی ئەوانی دییەوە خۆی بناسێت و پێناسەی خۆی بکات. چەمکی ناسیونالستی لە موزیکی کوردیدا و بەتایبەت بەرامبەر ئەوانی دی، لە ساڵانی پەنجاکاندا زیاتر چڕ دەبێتەوە، بە نموونە کاتێک شەماڵ سائیب لە ساڵی 1958 بەداوە بە لاساییکردنەوەی دەنگی فەرید ئەترەش چەند گۆرانییەکی کوردی بە ستایلی موزیکی عەرەبی بەرهەم هێنا، هەر زوو بەرهەمەکانی لە لایەن ڕۆشنبیران و هونەرمەندانی کوردی ئەو سەردەمەوە دژایەتی کرا، کە ئەمەش دەگەڕێنمەوە بۆ هۆکاری هەستی ناسیۆنالستی و کێشەکانی نێوان نەتەوەی کورد و عەرەب لە باشووری کوردستاندا. بەڵگە لێرەدا ئەوەیە کە گۆرانییەکانی دیلان هەمان سەردەمن و موزیکی کارەکانی تەواو نامۆن بە موزیکی کوردی، بەڵام بە هۆکاری ئەوەی کورد گرفتی نەتەوەیی نییە لە ڕۆژئاوادا، بۆیە پێچەوانەی شەماڵ سائیب، بەرهەمەکانی دیلان جێی بایەخ بوون و پیشوازیشی لێ دەکرا.
دواتر ئەگەر بڕوانرێتە هەندێک لە گۆرانییەکانی حەسەن زیرەک، چەمکی ئەوانی دی شێوازیکی تر دەدات بە خۆی، بۆ نموونە گۆرانیی بێ دکتۆر، کە ئەم گۆرانییە پێک دێت لە دوێتێکی زیرەک لەگەڵ کچە ئازەرییەک، کە بە هەردوو زمانی کوردی و ئازەری گوتراوە. موزیکی کوردی و ئازەری مۆرکێکی هاوبەشیان هەیە، تەنیا زمانی ئاخاوتن یان هۆنراوەکان جیاوازن. لێرەدا زیرەک دەڵیت:

”بێ دکتور دەوا و دەرمان

شێتت کردم سەرگەردان

دە وەرە دە وەرە کەژاڵ گیان

نەخۆشم بۆ تۆ بیلا،

کەی دێی دەستم بە دامان”

وەڵامی کچە ئازەرییەکە بەزمانی تورکی:

”گولدور بەنی گولدور

دەرد و نەدیر بیلدر

گولدور یەڵاه گولدور

گولدور بەنی گولدور”

ماناکەی بە کوردی:

”بمخە پیکەنین

دەردت چییە لەگەڵم پێم بڵێ

بمخە پیکەنین”

لەم بەرهەمەی زیرەکدا نموونەیەکی دی لە موزیکی ئەوانی دی خۆی وێنا دەکات و پێچەوانەی نموونەکانی دیکە، کە لەپێشدا ئاماژەم پێ دان. لەم نموونەیەدا ئەو هاوبەشییانە دەخرێنە ڕوو لە نێوان موزیکی گەلانی ڕۆژهەڵاتدا هەن، کە زۆر جار جیاوازییەکان لە نێوانیاندا زمانی ئاخاوتن و گۆرانیگوتنە، نەک ستراکچەری موزیک و ئاوازەکانیان، کە بە بەم نموونەیە دەتوانرێت بەراورد بکرێت لە نێوان موزیکی ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتیدا و لیکچوون جیاوازییەکان بدۆزرێتەوە. لەگەڵ ئەوەی کە موزیکی ئازەری موزیکی ئەوانی دییە، بەڵام لێرەدا بە هۆی ئەو هۆکارانەی پیشتر ئاماژەم پێ دا، چەمکی ناسیونالستی بەرهەڵستی ناکات و دەبینین گۆرانیبێژی دیاری کورد محەمەدی ماملێ، نزیکە 80 گۆرانیی ئاوازەکانی هاوبەشن لە نێوان کوردی و ئازەریدا و کەمترین کاردانەوەی ئەو هەستە هەبووە لە سەریان. لە هەمان کاتدا ماملێ وەک دیارترین گۆرانیبێژانی سەدەی ڕابردوو هەژمار دەکرێت.

ڕەسەن و ناڕەسەن

بە درێژایی سەدەی ڕابردوو تا دوای ڕاپەرین، گفتوگۆی نێوان هونەرمەندان و موزیسیانان ئەوە بووە ”کام گۆرانی ڕەسەنە و کام گۆرانی نا ڕەسەنە؟” لە ڕاستیدا تا ئێستا پێناسەیەکی تەواو بۆ ئەم وشەیە نەکراوە، بەڵام زیاتر مەبەست لە بەکارهێنانی وشەی ”ڕەسەن”، لە موزیکی کوردیدا ئەو گۆرانییە کلاسیک و کۆنانەیە کە لە لایەن گۆرانیبێژانی سەدەی ڕابردووە گوتراون، یان بە دیوێکی تردا ڕەسەن موزیکی خۆماڵییە، کە هیچ خەوش و مۆرکێکی بێگانەی پێوە نییە. هەرچی گۆرانیی ناڕەسەنە، دەچێتە بازنەی ئەوانی دییەوە. ئەم گفتوگۆیە لە موزیکی کوردیدا تا ئێستا بەردەوامە، لە ڕاستیدا زۆر جار ئەم وشەیە بە هەڵە بەکار دێت، چونکە مەرج نیە هەرچی کۆن بێت، ڕەسەن بێت. بۆ نموونە ئەگەر بڕوانرێتە بەشێکی زۆر لە گۆرانییەکانی عەلی مەردان، بە هۆکاری ئەوەی کە موزیکەکانی ژەنیارانی عەرەب ژەندوویانە، مۆرکی موزیکی عەرەبییان پێوە دەبینرێت. هەروەها گۆرانیبێژی کورد مەزهەری خالقی، هەندێک لە کاری موزیکەکانی تەواو مۆرکی موزیکی فارسیان پێوە دیارە، بەتایبەت ئەو بەرهەمانەی لە ڕادیۆی تاران تۆمار کراون. دواجار بە هۆی سەرسامیی خالقی بە هونەرمەندی ئێرانی غوڵام موحسین بەنان، کاریگەریی توندی لە سەر دەنگ و موزیکی خالقی بەجێ هێشتووە. لێرەدا لای بەشێکی زۆر بەرهەمەکانی خالقی ڕەسەنترینن، ئەگەر بە و دوو دیدەی سەرەوە بێت ئەوا هەندێک لە کارەکانی ناچنە ناو خانەی ڕەسەنەوە. لێرەدا ئەم چەمکە دەکەوێتە دووڕیانێک، کە بە بڕوای من لە ئاییندەدا دەبێتە گرفت بۆ ئەو لێکۆڵینەوانەی کە دەربارەی ناسنامەی موزیکی کوردی دەکرێت، چونکە سەرئەنجامی ئەم ناڕوونیە لە بەکارهێنانی چەمکەکاندا، ئەو شوناسەی کە موزیکی کوردی دەیەوێت بۆ خۆی دروست بکات خۆی بزر دەکات. لە دوای ڕاپەرین و بە تایبەت لە ساڵی 1998 بەدواوە، ئیدی هەستی ناسیۆنالستی لە موزیکی کوردیدا گەرچی بەرپەرچی تەوژم و شەپۆلی موزیکی ئەوانی دی دەداتەوە، سەرئەنجام ناتوانرێت بەر بەو شەپۆلە بگرێت چەندین جۆر لە موزیک دێنە بوون. بۆ نموونە زەکەریا عەبدولڵا بە دامەزرێنەری ئەرەبێسکی کوردی دادەنرێت، گەرچی زۆر هەوڵ درا ئەم شەپۆلە موزیکە تورکییە نەبێتە دیاردە و بەری لێ بگیردرێت، کەچی دواجار بە هۆکاری کاریگەرییە سیاسی و بازگانی و ئابووریەکانی وڵاتی تورکیا لەسەر باشووری کوردستان، موزیکی تورکی بووە پێداویستییەکی باو سەردەمییانە بۆ موزیکی کوردی. لەمە بەدوا دەیان گۆرانیبێژی دی دروست بوون بە لاسایکردنەوەی موزیکی ئەوانی دی هاتنە گۆڕەپانی موزیکی کوردی، دواجار توانیان هەوادار و گویگرێکی زۆر بۆ خۆیان کۆ بکەنەوە. دواتر لە سەردەستی چەند کەسێک ویسترا هەمان ئەزموونی زەکەریا دووبارە بکەنەوە و موزیکی تەربی عەرەبی بێتە ناو موزیکی کوردی، بەڵام بە توندی لە لایەن تاکی کورد و هەستی ناسیۆنالیستییەوە بەرپەرچ درایەوە و نەیتوانی لە ناو موزیکی کوردیدا جێی خۆی بکاتەوە. کە ئەمەش دەگەڕێنمەوە بۆ ئەو مێژووە پڕ تراژیدیایەی کە کورد لە گەڵ زمان و دەسەڵاتە سیاسییەکانی نەتەوەیی عەرەبیدا هەیبووە.

لە ئێستادا بە هۆی گەشەندنی ژیاری کۆمەڵاتیی کورد و بوونی کیانۆکەیەکی سیاسی، هەستە ناسیونالستییەکان کاڵ بوونەتەوە و دەیان فۆڕم و ژانری تر لە موزیکی ئەوانی دی لە ناو دونیای موزیکی کوردی، هەر لە موزیکی کلاسیکی ئەورووپی، تورکی، عەرەبی، تا موزیکی ڕاپ دەبینرێت و ئاوێتە بوون لەگەڵ کلتووری موزیکی کوردیدا. دواجار لە لایەن تاکی کوردەوە دوولایەنە سەیری ئەم بارە دەکرێت: هەندێک پێیان وایە پێویستە گۆرانیی کوردی ببێت بە بەشێک لە موزیکی جیهانی و هەندێکیش پێیان وایە پێویستە مۆرکی موزیکی کوردی پارێزگاریی لێ بکرێت و لەناو نەچێت. لێرەدا بە بڕوای من موزیکی کوردی ناتوانێت خۆی بپارێزێت لە شەپۆلی موزیکی ئەوانی دی، چونکە ئەمە کێشەی تەنیا گەلی کورد نییە، زۆرینەی نەتەوەکان لە ژێر هەڕەشەی بەجیهانگیریدابووندان و بەشێکی زۆر لە فەرهەنگی زمان و موزیک و ئەدەبیات و تا دوایی لەناو دەچن و کلتووری موزیک‌تەکنەلۆجی پانتاییەکی فراوان لە موزیکی نەتەوەکان داگیر دەکات. بە بڕوای من باشترین ڕێگە بۆ پاراستی فەرهەنگی موزیکی کوردی لە بز نەبوون لە ناو موزیکی ئەوانی دیدا، ئەرشیفکردن و پاراستنی ئەو فەرهەنگە موزیکییەیە کە لە ڕابردوودا هەبوون و وەک بەشێک لە میراتی ڕابردوو بپارێزرێن و بە دیجیتاڵ بکرێن. چونکە لە ئێستا دونیابینی بۆ موزیک زۆر گۆڕاوە و چەمکی ئەوانی دی و ئێمە تەواو ئاوێتە بوون، ئەمە دیاردەیەکی جیهانییە، کە زۆرسەختە بتوانرێت ڕێگری لەم دیاردە جیهانییانە بگیردرێت.

تێبینی

بۆ خوێندنەوەی بابەتی هاوشێوە، بڕوانە کتێبی چەمکی ئەوانی دی لە موزیکی کوردیدا، توانا حەمە، ٢٠١٤.

لە پێشەکی ینووسینی ئەم بابەتە سوودم لە کتێبی موسیقی شناسی فرھنگ مفاھیم موسیقی شناسی وەرگرتووە. بڕوانە:

ئەحمدی بابک، موسیقی شناسی فرھنگ مفاھیم موسیقی شناسی، چاپ اول، تھران، ١٣٨٩، ١٥٥.
بەشێک لەم بڕوایانە دەرئەنجامی نووسینی چەند ڵیکۆڵینەوەیەکی ئەکادیمیی بڵاونەکراوەمە.

بەشی بکە لە:
توانا حەمە

دامەزرێنەی دیجیتاڵ میدیای موزیکناس، ئێثنۆمیوزیکۆلۆجیست، نوسەر و موزسیان