توانا حەمە
پێشەکییەک:
لە سەدەی رابردوودا سەرەڕای ئاستەنگە کۆمەڵایەتییەکانى کۆمەڵگەی کوردی، بەرامبەر هەموو جوڵانەوەیەکی ژنان لە نێو بوارە تایبەتیی و گشتییەکانی ئەو سەردەمەدا، لە هەمان کاتدا ژێردەستەیی نەتەوەیی هێندەی دیکە رۆڵ و پێگەی ژنانی کوردی سنوردارکردبوو، بەڵام لەگەڵ هەموو ئەو ئاستەنگانەدا چەند دەنگێکی مێییەنە هەن، کە مێژوویەکی پرشنگداریان لە بواری موزیک و گۆرانی کوردیدا بۆ خۆیان و نەتەوەکەیان تۆمارکردووە، کە تا ئێستا بەرهەمەکانیان بە زیندووی ماونەوەتەوە، هەندێک لە بەرهەمەکانیان وەک شانازییەکی مێژوویی و نەتەوەیی لێیان دەڕوانن.
یەکێک لەوانە، دیارترین و باشترین دەنگەکانی سەدەی رابردوو دادەنرێت (ئایشە شانە)، دەنگێک کە هەڵقوڵاوی رەسەنایەتی، کۆژان و چەوساندنەوەی باکوری کوردستانە.
ئایشە شان کێیە؟
(ئایشە محەمەد عوسمان عەلی شان)، ناسراو بە «عاشە شان)، ئەو ناسناوی (شان)ی لە پاشناوی باپیرەیەوە هەڵگرتبوو، بەگوێرەى سەرچاوەکان، بنەچەیان بۆ ناوچەی بنگولی باکوری کوردستان دەگەڕێتەوە، بەڵام ساڵی 1938 لە ئامەد لەدایک بووە. ئەویش بەهۆکاری ئەوەی لە جەنگی نێوان عوسمانییەکان و رووسیادا، خانەوادەکەیان پەراگەندەی ئەرزەرۆم بووە.
ئایشە شان، منداڵیی بە سەختی ژیان و نەداری و بێباوکی دەستپێدەکات، پاش مردنی باوکی لە ماڵی خوشکە گەورەکەی ژیان بەسەردەبات، هەر بەهۆکاری نەداری و هەژاری تەنیا قۆناغی سەرەتایی خوێندنی تەواوکردووە.
بەهرەی دەنگخۆشی لە باوکییەوە بۆ ماوەتەوە، چونکە باوکی وەک دەنگبێژ و قورئان خوێنێکی دیاری ناوچەکە ناسراو بووە. ئایشە شان هەر بە زوویی باوکی لەدەستدەدات، بۆیە لە منداڵییەوە، بۆ دەربڕینی حەسرەت و دەردەسەرییەکانی ژیانی پەنای بۆ گۆرانیگوتن بردووە، لە تەمەنێکی زۆر بچووکەوە بەهۆی ئەو سۆزە غەمگینەی کە لە دەنگیدا هەبووە، لە ناو کۆڕ و کۆبونەوە تایبەتەکانی خانەوادەکەیدا، گۆرانیچڕیووە. هەمیشە وەک جێگرەوەیەکی دەنگی باوکی لێیان روانییوە.
ژیانی هونەری:
بەبڕوای من بۆ تێگەیشتن لە هونەر و ژیانی ئایشە شان، پێویستە تەمەنی هونەری بەسەر سێ قۆناغی سەرەکیدا دابەش بکرێت، بە وردی لەو قۆناغانەی تەمەنی وردبینەوە.
قۆناغی یەکەم: سەرەتای دەرکەوتن و دەسپێکی هونەریی
ئایشە شان لە سەرەتای دەرکەوتنی لە بواری هونەری دەنگبێژی و موزیکدا لە نێوان ساڵی 1957-1961 دایە، بە تایبەت ئەو بەشدارییانەی کە لە چالاکی و بۆنە جۆراوجۆرەکانی شاری عەنتاب هەیبووە، لەو سەردەمەدا بەزمانى تورکى گۆرانى چڕیوە، چونکە زمانى کوردى قەدەغەبووە، بەڵام بە هۆکاری ئەوەی کە ئایشە شان بە زمانی کوردیش گۆرانى گوتووە، لەبەر ئەم هۆکارە لە رادیۆ دووردەخرێتەوە.
یەکێک لەو رووداوانەى بەسەر ئایشە شان هاتووە بەم شێوەیە باس دەکرێت، “پاش ئەوەی کە لە بۆنەیەکدا، ناتوانێت زاڵبێت بەسەر هەستی نەتەوەیی خۆیدا و چاونەترسانە، سەڕەڕای ئەوەی دەزانێت دوای ئەوە چی روودەدات، بەڵام ئەو گۆرانییەک پڕ بە گەرووی بە کوردی دەچڕێت”.
ئەگەر بەوردی گوێ لەو گۆرانیانە بگرین کە لەو قۆناغەدا چڕیونی هەستێکی تەواو کرمانجییانەی باکوری کوردستانە، بەڵام بە زمانی تورکی چڕیونی، هۆکارەکەش بۆ ئەو فشار و سیاسەتە دەگەڕێتەوە، کە لەو سەردەمەی تورکیادا دژ بە کولتووری کوردی گیرابوونە بەر، گەرچی باش دەزانرا، کە گۆرانییەکان رەسەنیان میلۆدی و موزیکی کوردییە، بەڵام لە ژێر فشار و جەور و ستەمی سیاسەتێکی رەگەزپەرستی و شۆڤێنی ئەو رۆژگارەدا، هەوڵدەدرا هەرچۆنێک بێت گۆرانییەکان بە دەنگی خودی گۆرانیبێژە کوردەکان (بتورکێندرێن)، گەرچی ئەمە لە رووی هەستی نەتەوەیی و دەرونییە بۆ هونەرمەندەکان زۆر سەخت بوو، چونکە جۆرێک بوو لە سیاسەتی تاڵانکاری فەرهەنگی، کە دواجار زیانێکی زۆر لە ناسنامەی موزیکی کوردیی دەدا. دەرئەنجامی ئەم سیاسەتە تەنها وشەی گۆرانییەکان بە تورکی کران، بەڵام نەتواندرا تەواوی دەنگ و هەستی کوردانەی گۆرانیبێژەکە بتورکێنن، ئەو سیاسەتە داگیرکارییە کولتوورییە، نەیتوانی گۆرانی و دەنگەکانیان لە کورد بوون دابماڵرێت و ناسنامەکەیان ون بێت.
بە بڕوای من دەشێت هەر ئەم هەستە نەتەوەیی و کوردانەیە بوبێت، کە ئایشە شانی ئازاردەبێت، کە نەتوانێت بەردەوامی بەوە بدات تەنها گۆرانی بە تورکی بڵێت. هەر بۆیە بەدوای رێگە چارەیەکی نوێدا گەڕاوە، بۆیە عەنتاب جێدەهێڵێت و روو لە ئیستانبوڵ دەکات. ئاشکرایە بژاردەی کۆچکردنی بۆ ئیستانبوڵ بۆ ئەوەبووە، لەم قۆناغە مێژووییەدا بە دیارترین شار و سەنتەری کولتووری تورکیا دادەندرا، سەرجەم چالاکییە کولتووری و هونەرییەکان لەم شارەدا لە ئاستێکی باڵادابوون، هەر بۆیە زۆرینەی هونەرمەندان بە تورک، کورد و نەتەوەکانی دیکەشەوە روویان لەم شارە دەکرد.
بەڵام بە هەمان هۆکاری پێشوو، ئەم بژاردەیەش بێگرفت نەبوو، چونکە زمانی کوردی تێیدا هەر قەدەغە بوو، بۆیە بە ناچاری وەک رێگەچارەیەک بۆ ناساندنی خۆی و هونەرەکەی گۆرانی کوردی تێکستی کوردی و تورکی تێکەڵ دەکات.
دواجار یەکەم بەرهەمی (ئەزغەزاڵم) تۆمارکرد و بڵاویکردەوە، ئەم هەنگاوەی لەسەرەتادا سەرکەوتوو بوو، ئەویش دوای ئەوەی کە زۆرێک لە رادیۆکان بە بایەخەوە بڵاوکرایەوە و دەنگدانەوەیەکی زۆر باشی هەبوو، هۆکاری سەرەکی بوو کە زیاتر ئایشەشانی پێبناسرێت. بەڵام زۆری نەخایاندن و هەمان ئاستەنگ، کە لە عەنتاب توشی ببوو، ئەمجارەیان گەورەتر و لە لایەن هونەرمەندە دیار و ڕەگەزپەرستە ناسراوە تورکەکانی ئەو سەردەمەوە دژیایەتییەکانیان بە توندتر رووە و هەنگاوەکانی ئایشەشان دەستپێبکەن، بە بیانوی ئەوەی کە ئەمە دەبێتە ڕێچکەیەک بۆ ئەوەی هونەرمەندانی دیکەی کورد ئەم ڕێگایە بگرنە بەر و چیتر بە تاکە زمانی فەرمی وڵاتەکە گۆرانی نەچڕن.
سەرەڕای ئەم هەموو ئاڵەنگارییە ئەگەر بەرهەمەکانی ئەم قۆناغەی بڕوانین دەبینین، لە ڕووی ڕەنگی موزیک و دەنگ و شێوازی تۆمارکردن لە چاو بەرهەمەکانی قۆناغەکانی دیکەیدا زۆر ئاستبەرزە و دەتوانرێت بوترێت هیچی کەمتر نییە، لەو بەرهەمانەی کە بۆ گۆرانیبێژە دیارە تورکەکانی کە لە ئەو سەردەمەدا تۆماکراون. بۆ ئەمە ئەگەر گوێ لەو گۆرانیانە بگرین کە بەتورکی چڕیونی لەوانە: گێل گێل، مادن داگی دومەندیر، دۆستوم دۆستوم، کوربان ئۆڵوم… دەیانی دیکە کە زۆرینەیان دوای خۆی بە زمانی تورکی لەلایەن گۆرانیبێژانی تورکەوە، جارێکی تر تۆمارکراون. بەڵام بەبێی پاراستنی مافی خاوەندارێتی و ناوهێنانی ئایشەشان و یان کوردبوونی ئاوازەکان، چونکە سەرجەمیان لە کاتی ئەرشیفکردندا بە فۆلکلۆری تورکی تۆماکراون و خاوەندارێتیان بۆ هیچ کەسێک ناگەڕێتەوە.
لێرەدا پرسیارە گرنگە ئەوەیە؛ ئەگەر ئایشەشان وازی لە کوردبوونی خۆی بهێنایە و گۆرانی بە تورکی بچڕیایە، دەبوو پێگەی هونەری لە نێو موزیکی تورکی لە کوێدا بوایە؟
بە بڕوای من پێگەی هونەری لە نێو هونەری تورکیادا و ڕێزلێگرتنی وەک دیارترین دەنگی ئەو سەردەمە گەر بارتەقای (جەلال گوزەلساز، ئیبراهیم تاتلیسەس، (ئەو گۆرانیبژە بنەچە کوردانە) زیاتر نەبوایە کەمتر نەدەبوو، چونکە ئەو دوو هونەرمەندە جگە لەوەی ناسنامەی خۆیان گۆڕی لەهەمان کاتدا، دەستێکی باڵایان هەبوو لەوەی گۆرانییەکانی کوردییەکان ئەو ڕۆژگارە، لە بەر بەرژەوەندی کەسی خۆیان، بە میلەتێکی دیکە بفرۆشن و لە بەرژەوەندی ئەو سیاسەتە کولتووریەی تورکیا کاربکەن.
سەرەڕای ئەمانە هەرچی گۆرانییەک، کە لەم قۆناغەدا ئایشەشان بە زمانی کوردی و تورکی چڕیونی پڕ پڕە لە هەست و سۆزی کوردانە و ناسنامەیەکی تەواو باکوری و کرمانجیانەی لە خۆگرتووە، کە دەکرێت وەک یەکێک لە باشترینەکانی ئەو سەردەمە بۆ موزیکی کوردی و باکوری کوردستان هەژمار بکرێت.
بەڵگە بۆ ئەمە و بە تایبەت بۆ بەرهەمە کوردییەکانی ئەگەر گوێ لە: (ساڵانە ساڵانە، هێلێ جان، داێی غەریبم .. هتد) بگرین بە تەواوەتی توانای دەنگی و ئەو هەستە کوردییانەیەی بەدی دەکرێت.