" type="text/css" > Skip to main content

تێپەڕێک لە پاش تازەگەریی سەرتر دەورەدانێک لە کتێبی بیتهۆڤنی ئالان ودس

نەبەز محەمەد
نوسینی: نەبەز محەمەد
سەرنج و بەرایی:
ئادۆڕنۆ پێیوایە لە مڕۆدا لە نێوان بەرهەمی موزیکی و کۆمەڵگەدا هەماهەنگییەکی پێشتر لە چوارچێوەنراو بەدی هاتووە کە زیاتر بە ئاقاری موزیکێکی پۆپۆلیستیدا ڕۆشتووە و چۆتە بواری ئایدۆلۆژیا و ڕیکلام و سیاسەتەوە، ئەم موزیکەش بە تەواوی بەرخۆر و موستەهلیکە، خۆ ئەگەر موزیکی پاپ، وەکو ئادۆڕنۆ دەڵێت: موزیکێکی بەرخۆر- موستەهلیک بێت (a) ئەوا بیتهۆڤن موزیکی بۆ بوارێکی بەرهەمهێن سەرڕێ خستبوو. چونکە وەکو ئەم کتێبە باسی لێدەکات چیتر لای بیتهۆڤن موزیک بۆ وەنەوز و خەولێخستن نەبوو، بەڵکو سۆناتاکانی ئەم زەبر وەشێنن، بەو واتایە کە موزیکی بیتهۆڤن پڕن لە جوڵە و بزوتن، کە نەک خەوزڕێنە بەڵکو شێوێنەر و هەژێنەرە، موزیکی بیتهۆڤن ڕەق و توندە، مرۆڤ دەهەژێنێت بۆ جوڵە و چالاکی و ئازادی خوازی، موزیکی بیتهۆڤن شۆڕشگێڕانەیە و هاوشانی شۆڕشی فەڕەنسیە. سۆناتا و سەمفۆنیاکانی بیتهۆڤن ئەوەندە هەژێنەر و توند و بە جوڵەن کە مرۆڤ هاندەدەن بۆ بیرکردنەوە و جوڵە و بزۆکی و شۆڕشگێڕی. ” گەر ئاوازدانەرێک شایەنی ئەوەبێت بە شۆڕشگێڕ ناوزەد بکرێت ئەوە بیتهۆڤنە.. مەزنترین تاکە شۆڕشی موزیکی مۆدێرنی هێنایە دی.” (بیتهۆڤن، ئالان ودس، و. ڕۆز جەمال _ ل۳)
لایەنی شۆڕشگێڕی لە موزیکی بیتهۆڤن دا شتێکی گرنگە، وەک ئەم کتێبە لە ناونیشانەکەیەوە جەختی لێدەکاتەوە، بەڵام هەموو شتێک نییە دەربارەی هونەری ئەو، بەڵکو دەبێت ڕەهەندەکانی تری وەکو جیاوازی و ئەلیمێنتەکانی داهێنان و ئەفراندنەکانی زیاتر دەرخرێ و جەختی لێبکرێتەوە ئەمەش بێ ئاشنایی بە فەلسەفەی مۆزیک پەی پێنابرێ و بە ئاسانی ناکەوێتە چنگی هەست وهۆشی نرخاندنەوە. ئەوە ڕاستە کە بیتهۆڤن بە مانای وشەکە شۆڕشگێڕبوو، شانۆگەریی ئیگمۆنتی کردە مۆزیک، تابلۆی دەکردە مۆزیک، بەڵام گرنگییەکەی ئەوەبوو ئەو مۆزیکەی ئەم دایدەنا پێشتر نەبیسترابوو. بێگومان ئەوەی ئەم شاکار خولقێنە بە نەمری دەهێڵێتەوە، ئەوەیە کە پیشتر مۆزیکەکەی نەبیسترابوو، واتە خاڵی جیاوازی و داهێنانەکەیەتی. هەر ئەم جیاوازی و بان سەردەمەشییەتی وای لەبەرهەمەکانی کردبوو، کە کاتێ موزیک ژەنێک گلەیی بکردایە و بیگوتایە کە ناتوانێ موزیکەکەی بیتهۆڤن بژەنێت، ئەویش لە وەڵام دا دەیگوت: ” دڵ لە دڵ مەدە ئەمە موزیکێکە بۆ نەوەکانی داهاتووە.” (بیتهۆڤن، ئالان ودس، و. ڕۆز جەمال _ ل۳١)
بەم جۆرە، بیتهۆڤن نەک کوڕی سەردەمەکەی خۆی و شۆرشگێڕبووە، بەڵکو ئەو سەردەمی خۆی تێپەڕاندووە، لەگەڵ نەوەکانی ئایندەیا لە مشتومڕو گرەودایە، ئەو کە سەردەمی خۆی جێهێشتبوو، نەیدەتوانی خۆی قەتیس بکات لە ئاوەز و ئاوازە باوەکانی سەردەمدا، ئەو کە بۆ نەوەکانی داهاتووی دەژەند مانای ئەوە نییە کە زووتر لە کاتی خۆی لەدایک بووە، بەڵکو بەو هۆیەوە بوو کە ئەو موزیکی گەیاندبووە فڕین و دنیای خۆی، بۆیە ئەو تەنیابوو، تەنها هیوایەک هەیبوو شۆڕشی فەڕەنسا بوو، کە ئەو چاوی تێبڕێت، بۆیە یەکێك لە شاکارەکانیشی پیشکەشی ناپلیۆن دەکات. وەکو چۆن هیگل نەمامێک بۆ ئەم شۆڕشە دەڕوێنێت.
بەڵام ئەوەی باشتر دەمانگەیەنێتە قەڵەمڕەوی بیتهۆڤن و ڕووبەری داهێنان و پانتاییەکانی ڕوانینی ئەو بۆ موزیک، فەلسەفەیە، واتە بۆ ئەوەی باشتر دەرکی کارەکانی بیتهۆڤن بکەین و نرخی سەمفۆنیا و سۆناتاکانی بزانین، دەبێت پاشخان و سەرنجێکی فەلسەفیمان هەبێت ئەگەر ئەم سەرنجە زۆر شیکاری و قوڵیش نەبێت. چونکە مەحاڵە بێ ڕوانینی فەلسەفیانە بگەینە هیچ موزیکێکی باش. تەنانەت موزیکی خراپ و بازاڕی و موستەهلیکیش ناتوانین جیابکەینەوە، بۆیە ئێمە ناچارین بۆ ئەم بابەتە بەپێی توانا ئاوڕێک لەو فەیلەسوفانە بدەینەوە کە لەم بارەیەوە هاوکاری زۆرمان دەکەن. ئەگەرچی لەوانەیە بۆ تێگەیشتن لە تیۆرەکانیان دەربارەی موزیک لای ئەو بیرمەدە لابدەین و کەمێک بچینەوە ناو ئایدیاکانییەوە بەڵام ئەمە بە سادەیی و ناچاری نەبێت ناکەین، چونکە لە بابەتەکە دوورمان دەخاتەوە و کارێکی تاقەت پڕوکێنیشە و لە حەوسەڵەی ئەم نووسینە بەدەرە.
لای ئەفلاتون موزیک پلەی یەکەمی هەیە لە هونەرە جوانەکاندا چونکە ڕۆڵێکی پەروەردەیی هەیە و کاریگەریی لەسەر ئەخلاق و ڕۆحی مرۆڤ دادەنێت، بەتایبەتی بۆ منداڵان کە هێشتا ناتوانن ڕاستەوخۆ دەرکی شتەکان بکەن و عەقڵ پێنەگەیووە بۆ ژیانکردنێکی باش.
(b) بەڵام لای ئەرستۆ موزیک کارێکی فەلسەفیە و فێربوونیشی بە پێویست و ئیلزامی دەزانێت (c) ڕەنگە لەم ڕووەوە بێت هەندێ لە فەیلەسوفان لانیکەم ئامێرێکی موزیکیان دەژەند وەکو بوئتیس، شۆپنهاوەر، نیچە، جان جاک ڕۆسۆ و ئادۆڕنۆ، تەنانەت نیچە وەک سەرچاوەکان دەڵێن:
ئەگەر دایکی نەبوایە موزیکی هەڵدەبژارد، بەڵام ئەوان ئاراستەی نیچەیان گۆڕی بۆ فیلۆلۆژیا و فەلسەفە، هەم نیچە هەم ڕۆسۆ و ئادۆرنۆ چەند پارچەیەک موزیکیان لێ بەجێ ماوە، هەرچەندە وەکو موزیکژەنێک پێگەیەکی هێندە گرنگیان نییە. بەڵام لە باری سەرنج و تیۆری فەلسەفیەوە ئەوان پێگەی موزیکی تەواو بەرز و پتەو کردووە. بەتایبەت نیچە و شۆپنهاوەر موزیکیان بە چەشنێک فەلسەفاندووە، کە ئاسان نییە هیچ نەیارێک بیر لە لەرزاندنی بکاتەوە. ئەگەرچی ئـێمە سەرنجمان لای فەیلەسوفە مۆدێرنەکانە، بەڵام باشتر وایە لە سەرەتاوە ئاوڕ لە فەیلەسوفێک بدەینەوە کە بایەخ و سەرنجی قوڵ و فراوانی دەربارەی موزیک هەیە، هەرچەندە زۆر ناسراویش نییە بەڵام هەم لەبەر پێگە گرنگەکەی لە مێژووی فەلسەفەدا، هەم لەبەر بۆچوونە فەلسەفییەکانی ئەویش بوئتیوس-ە.
بوئتیوس Boethius (480-544)
بوئتیوس، وەکو دواهەمین فەیلەسوفی ڕۆمی– مەسیحی و یەکەمین بیرمەندی قوتابخانەیی- سکۆلاتیک – سەدەکانی ناوەڕاست، ڕۆڵێکی بەرچاو و گرنگی بینیوە لە گواستنەوەی ئەندێشەی لۆژیک و فەلسەفە و زانستی یۆنانی کۆن بۆ سەدەکانی ناوەڕاست لە ڕێگەی وەرگێڕانی تێکستە فەلسەفییەکان بۆ زمانی لاتینی و ڕاڤەو لێکۆڵینەوە لەسەریان. ئەو لە خێزانێکی بنەماڵە و بە دەستەڵات لە دایک بوو، خێزانێک کەچەندین سال بوو پێگەی گرنگیان لە ئیمپراتۆری ڕۆمیدا داگیر کردبوو، پاش تەواوکردنی خوێندن لە ئەسینا لە پای ئەمەدا پێگەیەکی گرنگی لە حوکومەتی تئودوریک Theodoric پاشای ئوسترگوتەکان پێدرا، لە ساڵی ٥١٠ وەکو باوکی پلەی کونسوڵ و دواتر بوو بە سەرۆکی گشتی دیوان، بەڵام سەرەنجام بە تۆمەتی هاوکاری ڕۆمی شەرقی لە دژی حکومەتی تئودوریک و ڕوخاندنی و خیانەتی نیشتمانی پاش دووساڵ زیندانی لە سێدارە درا، ئەو باشترین کتێبی خۆی (تەسەلای فەلسەفە) لە زیندان نووسی (زیندگی و آرای بوئتیوس- فلسفە و حکمت-١٣ )، وەکو کاپلستۆن دەڵێت: ئەگەر نەتوانین وەکو فەیلەسوفێکی ڕەسەن و سەربەخۆ و ناوی بێنین، ئەوا دەکرێت بە فەیلەسوفێکی گوێزەرەوە داینێین، بڕوانە: (فریدریک چارلز کاپلستون- تاریخ فلسفە، جلد یکم، ص٥٥٧ جلد دوم،ص١٢٧ – ١٣٢)
ئەندێشەی بوئتیوس لە بواری جوانیناسی هونەردا بنەمایەکی ئەفلاتونی و فیساگۆرسی هەیە. بوئتیوس موزیک بە تەنها هونەرێکی ڕاستەقینە و ئازاد دەزانێت. لە فەلسەفەی بۆئتیوسدا هونەر لە گەڵ وشەی ئازاددا دێتە بەرباس، وەک ئەوەی وشەی ئازاد دەرچوون بێت لە چوارچێوە فەلسەفی و دینییەکان. بەڵام بۆئتیوس کاری موزیک دەخاتە چوارچێوەی فەلسەفەوە. (ئازادبوونی ئەم هونەر و پیشانە، هەندێ بە واتای ئازادبوون و دەرچوون لە ڕێنوماییەکانی کەنیسە لە سەدەکانی ناوەڕاستی دەزانن، بەڵام مەبەست لە ئازاد ڕەهەندی سود و قازانجە، (فریدریک چارلز کاپلستون- تاریخ فلسفە،جلد یکم، ص٥٥٧) لە سەدەکانی ناوەڕاستدا (زانست و هونەری حەوتیانە) دەستەوەژەیەکە کە بۆ یەکەمین جار ئەو بەکاری هێناوە. هەر لەم ڕوانگەیەوە هونەر یان زانستی چواری هەیە کە بۆ فێربوونی فەلسەفە پێویستن کە بریتین لە ژمێریاری، ئەندازە، ئەستێرە و موزیک. هونەری سیانیش هەیە کە لقێکە لە زانست و هونەری حەوتیانە کە ئەمیش بریتییە لە زانستی ڕێزمان، زانستی گوتار و زانستی لۆژیک.
فصلنـامه کیمیای هنر – بابەتێکی اسمعیل زارعی لەم بارەیەوە بڵاو کردۆتەوە، کە ئێمە لەم بەشەدا پشتی پێ دەبەستین چونکە بابەتێکی تەواو گرنگ و تێروتەسەلە. هەروەک لەم بابەتەدا هاتووە؛ لە ڕوانگەی بۆئتیوسەوە ((هونەر پەیوەستە بە زەینی هونەرمەندەوە نەک بە دەستەکانییەوە)) وشەی (پیشەسازی –صنعت- Artificiusm) پەیوەندی بە چالاکی دەست و بەرهەمهێنانی دەستییەوە هەیە، لە بەرانبەردا هونەر Ars پەیوەندی بە چالاکی زەینی و بەرهەمهێنانی فکرییەوە هەیە. فەلسەفەی سەردەمانی دێرین، هونەرە پیشەییەکانیشیان لە ڕیزی هونەرەکاندا Ars دادەنا. بەڵام بوئتیوس بە پێچەوانەی ئەوانەوە، تەنها هونەری ئازاد بە هونەری Ars دەزانیت و لە ڕوانگەی ئەمەوە ڕاسترین هونەری ئازاد، موزیکە و هونەرەکانی تری وەکو بیناسازی یان وێنەکێشان دەکەونە دەرەوەی هونەری ئازاد یان جوانەوە. بڕوانە (هنر آزاد و موسیقی کیهانی – تأملی در آرای زیباییشناسانة بوئتيوس * اسماعيل پناهي)
بوئتیوس لە پێشەکی گوتارێک بۆ کتێبی لە بارەی ژمێریارییەوە جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەم زانستە لە کاتی دروستکردندا – خلقت (سەرچەشنی) خودا بوو و هەموو شتەکان بەهۆی ژمارەیەک هەماهەنگییەوە پەیدابوون. (( خوێندنەوەی هەماهەنگی جیهان لە بەستێنی زانستی مۆسیقادایە، لەبەر ئەوەی مۆسیقا زانستی بەها و دەنگی دەنگە لە یەک نەچووەکانە کە لە یەکێتییەکدا دروست بوون)).
( هەمان سەرچاوەی پێشوو) بۆچوونی بوئتیوس دەربارەی موزیک وەکو تەنها هونەری ئازاد، زۆر گشتی تر و سەرتر لە چەمکێکە کە ئەمڕۆ لە زاراوەی موزیک تێیدەگەین. لە ڕوانگە ئەوەوە موزیکزان تەنها ئاوازدانەر یان ژەنیار نییە. بەڵکو تیۆرسێنی موزیکی کەسێکە کە ئاگاداری هارمۆنی و هەماهەنگی جیهانە. ئەو خۆی ئاوازدانەر و ژەنیارێکی بەهێز بوو، بەڵام ناوبانگی لە موزیکدا بەهۆی لێکۆڵینەوە تیۆررییەکانییەتی لەم بوارەدا. لە ڕوانگەی ئەودا موزیکەوە پەرە بە شیعریش دەدا. واتە لە دیدگای ئەودا شیعر دەکەوێتە دەستبەندی هونەری موزیکەوە. لە کاتێکدا لای بیرمەندانی کلاسیک یان سەردەمانی کۆن شیعریان بە لقێک نزیک لە مۆسیقا نەک – لەخوار ئەوەوە- دادەنا.
(هەمان سەرچاوەی پێشوو)
بوئتیوس موزیک بە (هونەری دەنگ The Art of Sound) و هەروەها وەکو ئەوەی لە ئەندێشەی سەردەمانی دێرینیشدا هەیە بە ( هارمۆنی و هەماهەنگی) پێناسەی دەکات.
پێناسەی دووەمی ئەو پانتایی تێگەیشتن لە فراوانتر دەکات، ئەو چەمکی موزیک لە موزیکی ئامرازییەوە Instrumental Music تێدەپەڕێنێت و باس لە موزیکی ڕۆحی جیهانی دەکات، موزیکێک کە هەرچەندە دەنگی نییە بەڵام هارمۆنی هەیە، ئەو هاودەنگ لەگەڵ فەیلەسوفانی یۆنانی دێرین باس لە موزیکی ئاسمانی دەکات. لەسەر ئەم بنەمایە بە ڕەچاوکردنی ئەوەی کە ئەو شیعر بە بەشێک لە موزیک دەزانێت، دەتوانین ئەم دابەشکارییەی خوارەوە کە خودی خۆی کردوویەتی بۆ موزیک بهێنینەوە.

بەشی بکە لە:
موزیکناس

دیجیتاڵ میدیایەکی موزیکی سەربەخۆیە. بەرهەمەکانی بەشێوەی نووسراو، بینراو و بیستراو لە پێناو گەشەپێدانی ڕۆشنبیری موزیکی پەخش دەکات.